|
|
|
|
|
|
|
|
ئه‌م بابه‌ته ( 449 ) جار خوێندراوه‌ته‌وه | ئێمە تازە خەریكین بیر هەڵدەكەنین و خانوو دروستدەكەین، ئێمە بە تەمای پرۆسەیەكی زۆر هێمن و دیموكراتین | نەوشێروان مستەفا كەسایەتییەكی ناسراوی ناو بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە، بەڵام رەنگە لە هەموو سەركردەیەكی سیاسی كوردستانی زیاتر بۆچوونی جودا جودای لەسەر بونیاد بنرێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە ئاڵۆز‌و تێكچڕژاوەی كە بزووتنەوەی كوردی پێیدا تێپەڕ دەبوو، نەوشێروانیش لە نێو ئەم بزووتنەوەیەدا هەمیشە ناوێك، هێزێك، بیروباوەڕێك بووە، بۆیە لە هەموو كاتەكانی شەڕو ئاشتیدا، تۆپەكە لە لای نەوشێروان دوور نەكەوتۆتەوە،ئەم دوورنەكەوتنەوەیەی تۆپەكە بەشێك بووە لە ستراتیژییەتی نەوشێروان، باشترین نموونەش دابڕانی ئێستای نەوشێروانە لە یەكێتی نیشتمانی، بەڵام دابڕانێك دوور لەو ئەندام مەكتەب سیاسیانەی تری ناو حزبە كوردستانییەكانە كە لە حزب دووردەكەونەوە، بۆ خۆیان خەریكی ژیانی تایبەتی خۆیان دەبن، نەوشێروان دەیەوێ بڵێت راستە من لە سیاسەتی ئێستای یەكێتی دووركەوتوومەتەوە، بەڵام نە لە سیاسەت دابڕاوم، نە پیاوێكی دەستكورت و هەژاریشم لە سیاسەت تا بۆخۆم رێگای ژیانی تایبەتی بۆخۆم هەڵبژێرم،دەیەوێ بڵێت من هەمیشە لە ناو خەڵكم، بۆیە تا ئێستاش كەس نازانێ ئایندەی نەوشێروان چۆن دەبێت، چونكە نایەوێ تۆپەكە لەو دووركەوێتەوە،بەمەش كۆمەڵێك پرسیاری ئاڵۆز لای هەر خوێنەر و سیاسییەكی ئەم وڵاتە دروستدەبێت، ئەوەیە لوغزەكە، نەوشێروان لە ساڵانی خەباتی حەفتاكان و بەتایبەت هەشتاكانیشیدا، جار جار دەیەویست موفاجەئە دروست بكات، هەر چەندە موفاجەئەی ئەمجارەی ئەگەر بتوانێ دوا مەفاجەئەو سەركەوتووترینیان دەبێت، كە دەتوانێت تا رادەیەك ئەو لاپەڕە خوێناوییانەشی پێ رەشبكاتەوە، كە زۆرجار لێرەو لەوێ باسیدەكەن، بە تایبەت سەردەمە دژوارەكانی شەڕی ناوخۆ، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا نەوشێروان بەم تەمەنەی ئێستای دەتوانێ ئەم موفاجەئەیە بكات، بەر لەوەی گوێبیستی خۆی بین بە بەڵێ یا نەخێر، لە ئایندەدا مێژوو وەڵاممان دەداتەوە، تەنها كەمێك چاوەڕوانی دەوێت.
من بەش بەحاڵی خۆم ئەوە یەكەمجارە بە راشكاوی و رووبەڕوو لەگەڵ كاك نەوشێروان گفتوگۆ بكەم، پێشتر زۆر تێبینی و رەخنەم لەسەری هەبوو، چونكە رابردوویەك كە بۆتە بەشێك لە ژیانی ئێمەو بەشێك لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیشە، زۆر شتمان پێدەڵێت، كە وەك كاك نەوشێروان وتی با گۆڕ هەڵنەدەینەوە، چونكە بۆگەن و ئێسك و پرووسك دێنە دەر.
یەك لەو خاڵەگرنگانەی كە ئەمڕۆ بۆ خەڵك گرنگە ئەوەیە نەوشێروان مستەفا ژیانێكی زۆر سادەی هەیە، وەك دەڵێن لە ساڵانی هەشتاكانیش وابووە،هیچ كاتێك نەیویستووە ژیانی خۆی لە خەڵكی ئاسایی جیا بكاتەوە، وەك كەسێكی خانەدان خۆی دەرگا لە میوان دەكاتەوەو هەر خۆیشی تا بەردەرگای ماڵەكەی بۆ بەڕێكردن لەگەڵی دەچێت و زۆر بەخێرهاتنیشی دەكات، لە خانوویەكی زۆر ئاسایی دەژێت،كە دەچیتە ژوورەوە هەست ناكەی ماڵە بەرپرسەكانی ئەو سەردەمەیە، پێشتر وێنەی كاك نەوشێروان لە زهنی مندا، ئەوەبوو راستییەكان تەنها لەلای خۆیەتی و ئەوەندە بڕوای بە دیالۆگ نییە، پێم وابوو دەمارگرژەو رەفزەوییە، واقیع ناخوێنێتەوەو شت بەسەر خەڵكیدا فەڕز دەكات، پێم وابوو زوو لەو قسانە توڕە دەبێت كە بە دڵی ئەو نین و هەڵدەچێ، پێم وابوو بۆ كەمكردنەوە یا نەهێشتنی جیاوازییەكان گەر بتوانی تەسفیەی جەسەدیت دەكات،پێم وابوو نەوشێروان.....، بەڵام لەگەڵ یەكەم دواندنیدا، هەستم كرد نەوشێروان ئێستا زۆر جەخت لەسەر دیالۆگ و گۆڕینەوەی راو رای بەرامبەر دەكاتەوە، حەز دەكات كێشەكان دوور لە توندوتیژی بەرەو چارەسەركردن بچن،نایەوێ بە هیچ جۆرێك جارێكی تر كورد لەنێو خۆیدا خوێن بڕێژێ، نایەوێ ئەو ئەزموونەی بە خوێن هاتۆتە دی بە هۆی گەندەڵییەوە لە دەستی بدەین، نایەوێ تایبەتمەندی هەر شارێكی كوردستان لەبەرچاو نەگیرێت و لە ناو حوكمڕانی گشتیدا بتوێتەوە، نایەوێ خەڵك بە دروشمی بریقەدار فریو بدرێ، نایەوێ...
بەڵام نەوشێروان چەند دەتوانێ ئەو بۆچوونانەی خۆی بهێنێتە دی، ئەمەیان با خوێنەر لە دوای خوێندنەوەی ئەم دیمانەیەی رای خۆی لەسەر بدات.
گوڵان:بابه‌تێك هه‌یه كه جێگه‌ى پرسیاره، له ساڵى 1972 كاتێك كۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌رانى كوردستان دامه‌زرا، ئه‌و كاته پارتى له هه‌ڕه‌تى بڵاوبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندن دا بوو. رۆڵى كاك نه‌وشیروان له دامه‌زراندنى ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه دیار نییه، به تایبه‌تى كە ئەوكات پێی دەوترا كۆمه‌ڵه‌ى ماركسی لینینی، رۆڵی تۆ چی بوو لەو دامەزراندنەدا، بە تایبەت كە ئەوكاتانە تۆ لە ڤیەنا بوویت؟
نەوشێروان : كۆمەڵە ساڵى 1970 دامه‌زراوه. رۆڵى من له پێشترا ئه‌وه‌بوو كه خاوه‌نى ئیمتیازى گۆڤارى رزگارى بووم. گۆڤارى رزگارى زه‌مینه‌ى فكریى دروستكردنى كۆمه‌ڵه‌ى خۆشكرد. ئه‌و زه‌مانه پارتى دوو كه‌رت بوو، كه‌رتێكیان خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا سه‌ركردایه‌تى ده‌كرد و كه‌رته‌كه‌ى تریش خوالێخۆشبوو برایم ئه‌حمه‌د سه‌ركردایه‌تى ده‌كرد. حزبى شیوعیش ببوون به دوو كه‌رته‌وه، كه‌رتێكیان لایه‌نگیرى له یه‌كێتى سۆڤیه‌ت ده‌كرد و كه‌رته‌كه‌ى تریش لایه‌نگرى له چین ده‌كرد. له ناو كورددا به تایبه‌تى ئه‌و چوار باڵه یان چوار حیزبه هه‌بوون. ئه‌و كاته ناكۆكییه‌كى زۆر قووڵى فكرى له نێوان خه‌تى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و خه‌تى چین هه‌بوو. چین یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ى كه بیرى جۆرێك له ماركسیزم - لینینیزم و بیروباوەڕى ماوتسیتۆنگ ی بڵاو ده‌كرده‌وه، بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ له‌سه‌ر بنچینه‌ى ئه‌وه‌ى كه نه‌خشه‌ى رێگاى رزگاربوونى گه‌لانى به‌و جۆره دانابوو كه پێویسته میللەتێك كاتێك خه‌بات ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى رزگارى به‌ده‌ست بهێنێت دەبێت حزبێكی پێشڕەوی هەبێت بە شێوەیەكی نوێ، دەبێت به‌ره‌یه‌كى یه‌كگرتووى گه‌لیى هەبێت، دەبێت لەشكرێكی رزگاری گەلیی هەبێت، ئێمە پێمان وابوو هیچ له‌و (3) سێ مەرجانە له هیچ كام له‌و حیزبانه نه‌بوون. له‌به‌رئه‌وه ئێمە هه‌وڵماندا له‌سه‌ر ئه‌و مۆدیلە نوێیە رێكخستنێك دروست بكه‌ین. به‌یاننامەى (11)ی ئادار په‌له‌ى كرد له پێكهێنانی كۆمه‌ڵه. چونكه به‌یاننامەى (11)ی ئادار بووه هۆى ئه‌وه‌ى دوو باڵه‌كه‌ى پارتى سه‌رله‌نوێ یه‌كبگرنه‌وه و ئه‌میان له‌ناو ئه‌وى تردا توایه‌وه. ئەمە بووه سه‌به‌بى ئه‌وه‌ش ئه‌و باڵه‌ى شیوعى كه سه‌ر به یه‌كێتى سۆڤیه‌ت بوو ورده ورده زاڵ بێت و له حكومه‌ت نزیك بێته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ى تر ته‌سفیه بكات. له‌و كاته ئه‌و بۆشاییه فكرى و سیاسیه‌ى هه‌بوو كۆمه‌ڵه توانى پڕی بكاته‌وه. من ئه‌و كاته له ساڵى 1970 حوكمى ئیعدام درابووم له لایه‌ن مه‌حكه‌مه‌ى سه‌وره‌وه له‌سه‌ر كێشه‌یه‌ك كه به راستى ده‌ستى منى تێدا نه‌بوو، به‌ڵام وه‌كو تۆڵه كردنه‌وه ئه‌و سزایه له‌سه‌ر من داندرابوو، له‌به‌رئه‌وه نه‌مده‌توانى به ئازادى هاتووچۆ بكه‌م و بێم و بچم و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا دانیشم و سیمینار و كۆبوونه‌وه بكه‌م. به پێچه‌وانه‌وه وه‌ختێك كه برایم ئه‌حمه‌د و گروپه‌كه‌ى هاتن بۆ قه‌سرو ماكۆسان، من له‌گه‌ڵیان هاتم و ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیشیان مامه‌وه هه‌تاوه‌كو رێگایەكم دۆزیه‌وه كه له رێیە‌وه سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه بكه‌م. دواى ئه‌وه ساڵى 1971 سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌م كرد. براكانى تر درێژه‌یان به ئیشه‌كه دا و من یەكێك بووم له‌و كه‌سانه‌ى هاوكاریم كردووه له دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵه ولە پێكهێنانی گروپه‌كانى سه‌ره‌تاكه. به‌ڵام ئه‌و ماوەیە به حوكمى ئه‌وه‌ى كه من دوور كه‌وتمه‌وه و چووم بۆ ڤیه‌ننا، به‌ڵام ئاگاشم لێهەبووە كه براده‌رانى تر ئیش و كاریان كردووه، هه‌رچه‌نده بەهۆی سەفەركردنەكەم من وه‌ك خۆم نه‌مده‌توانى به چالاكى به‌شداری تێدا بكەم، ئه‌و كاته‌ش كورد له‌ناو ئه‌وروپا ئەوەندە زۆر نه‌بوو تا بڵێین له ناو كورده‌كانى ئه‌وروپا ئیشم كردووه.
گوڵان:دەكرێ لە رێگای تۆوە بزانین بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار هى كێ بوو؟
نەوشێروان : بیرۆكه‌كه له راستیدا وه‌ك گوتم ده‌گەڕێته‌وه بۆ ئه‌و جیاوازیی چینى سۆڤیه‌تى. ئه‌و زه‌مانه گروپێك هاتبوون بۆ سلێمانی كه جیاببوونه‌وه له حیزبى توده‌ى ئێرانى، ئه‌و گروپه به ناوى شادومانى ئینقیلابى ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد. ئه‌وانه كاریگەری زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له كادیره گه‌نجه‌كانى ئه‌و كاته‌ى كە له باڵى مه‌كته‌بى سیاسى كاریان ده‌كرد.
گوڵان: واتا تۆ له‌و كه‌سانه نه‌بووى كه تەئسیرت لێ كرابێ؟
نەوشێروان : نەخێر من یەكێك بووم له‌و كه‌سانه.
گوڵان: له ساڵى 1975 كاتێك ئه‌و نسكۆیه بەسەر كورد دا هات، تۆ ئه‌و كاته په‌یوه‌ندى سیاسیت له‌گه‌ڵ پارتى بوو یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه؟ یان له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیان بووى؟ چۆن؟
نەوشێروان : من دواى یه‌كگرتنه‌وه‌ى پارتى، نه‌بوومه‌وه ئه‌ندام له پارتى، هه‌ر وه‌ك دۆستى پارتى مامه‌وه. هه‌تا ئه‌و كاته‌ى من سه‌فه‌رى ڤیه‌ننام ده‌كرد هاتم سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى پارتیم كرد، ئه‌و كاته دكتۆر مه‌حمود له‌وێبوو و زۆریان پێ خۆش‌بوو كه من وه‌ك نیشانه‌یه‌ك له یه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو باڵه‌كه له‌وێ ببم به ئه‌ندامى لقى ئه‌وروپا. وابزانم كاغه‌زیشیان نووسى، به‌ڵام من له‌ده‌ره‌وه‌ى رێكخستن بووم. به‌ڵام له‌گه‌ڵ براده‌رانى كۆمه‌ڵه ئاگاییمان له‌یه‌كتر هه‌بوو.
گوڵان: كۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌رانى كوردستان دواى ساڵى 1975 توانى به هێزو تین و گوڕێكی ترەوە بكەوێتە شاخ و هه‌روه‌ها له كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكانیش تا ناوەڕاستی هەشتاكان توانی لە شاریش هاوسه‌نگیه‌كى گه‌وره لە بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى نیشتمانى كوردی دروورست بكات. چ پێویستی به‌وه بوو بچێتە ناو یەكێتی نیشتمانى كوردستان؟ له كاتێكدا كۆمه‌ڵه خۆى حزبێكی زۆر فراوان و گه‌وره بوو به تایبه‌تى لەریزى گه‌نجه‌كان.
نەوشێروان: پێش دەستپێكردنەوەی شۆڕش له ساڵى 1975-76 كۆمه‌ڵه رێكخراوێكی وه‌ها گه‌وره نه‌بووه، هه‌رچه‌نده پته‌وترین رێكخراو بوو له‌چاو هه‌موو رێكخراوه‌كانى تر و لەرووى رێكخستنه‌وه له هه‌موویان كارامه‌تر بوو، كادیرى باشى هه‌بوو بەڵام به ژماره كه‌م بوون. ئه‌مه یه‌كه‌م. دووه‌م، بۆ زانیاریت ئه‌و كاته مام جه‌لال سكرتێری كۆمه‌ڵه بوو هه‌ر له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنه‌وه تا ئه‌و فه‌تره‌یه‌ش.
گوڵان: واته یه‌كه‌م سكرتێری كۆمه‌ڵه مام جه‌لال بوو؟
نەوشێروان : بەڵێ . درووستكردنى یەكێتی لەراستیدا جۆرێك بوو له جێبەجێكردنى ئه‌و بیره‌ى كه هه‌م پارتى پێشڕەو هەبێت هه‌م به‌ره‌ى یه‌كگرتوویى گه‌ل هەبێت و له‌شكرى رزگاریى دروست بكات. ئێمە هه‌وڵماندا ئه‌و مۆدیلە له كوردستان دروست بكه‌ین. واته به‌شداریكردنى كۆمه‌ڵه ئێمە ئه‌و زه‌مانه وامان حیساب ده‌كرد وه‌ك چۆن تۆ به‌ردێك ده‌خه‌یته ناو ئاوه‌وه چه‌ند هه‌ڵقه‌یه‌ك دروست ده‌كات، هه‌ڵقه‌ى یه‌كه‌م زۆر رۆشن و دیاره، هه‌ڵقه‌ى دووه‌م كه‌متر رۆشنه، هه‌ڵقه‌ى سێیە‌م له‌و كه‌متر، وامان دانابوو كۆمه‌ڵه ببێت به نه‌وات بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڵقه جیاجیایانه‌ى توێژە كۆمه‌ڵاتیه‌كانى ناو كۆمه‌ڵى كورده‌وارى.
گوڵان: مام جه‌لال چۆن وازى له سكرتێری كۆمه‌ڵه هێنا، با بزانین كاك نه‌وشیروانیش چه‌نده‌مین سكرتێرە؟
نەوشێروان : له‌راستیدا ره‌نگه بە فەرمی من دووه‌م سكرتێری كۆمەڵە بووبم. ئه‌و كاته‌ى كه مام جه‌لال له ساڵى 1972 چووه ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ى كه به عه‌مه‌لى سه‌رپه‌رشتى رێكخستنه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى كردووه شه‌هابى شێخ نورى بووه. دواى ئه‌وه‌ى كه كاك شه‌هاب گیرا و رێكخستنه‌كانى كۆمه‌ڵه تووشى گرتن و راوەدوونان بوون كۆمیته‌ى هه‌رێمه‌كان دروست بوون. كاك ئارام مه‌سئولى كۆمیته‌ى هه‌رێمه‌كان بووه به‌ڵام ئه‌و كاته‌ش هه‌ر مام جه‌لال سكرتێری كۆمه‌ڵه بووه. پاش ئه‌وه‌ى كه یەكێتی نیشتمانى دامه‌زرا و بێجگە له كۆمه‌ڵه بزوتنه‌وه‌ى سۆشیالیستى هاته ناو یه‌كێتییەوه و خه‌تى گشتى دروست بوو، ئیتر ئه‌وساكه گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال كرد كه ئایا وه‌كو سكرتێرى كۆمه‌ڵه ئه‌مینێتەوه یانیش دەبێت به قاسمى مشته‌ره‌كى ئه‌و (3) سێ باڵه‌ى كه یه‌كێتیان دروست كردووه. ئه‌و (مام جەلال) قاسمه مشته‌ره‌كه‌كه‌ى هه‌ڵبژارد و ئێمەش هه‌موومان قه‌بوڵمان بوو كه ببێ به قاسمى موشته‌ره‌كى هه‌ر سێ باڵه‌كه‌ى ناو یه‌كێتی، بەڵام تا ئارام مابوو هەر مام جەلال بە فەرمی سكرتێری كۆمەڵە بوو، كاك ئارامیش كارەكانی بەڕێوەدەبرد، واتا بەرپرسی كۆمەڵە بوو بەڵام سكرتێر نەبوو، بەڵكو هەر مام جەلال سكرتێر بوو. .
گوڵان : بەڕێزت لە رێگای كۆنگره و كۆنفرانس یا پلینیۆمەوە بووى به سكرتێر یان مام جەلال دەستنیشانی كردی بۆ سكرتێری؟
نەوشێروان : نەخێر من دواى ئه‌وه‌ى كه كاك ئارام شه‌هید بوو له به‌رى قه‌ره‌داغ، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوانى كادیره‌كانى كۆمه‌ڵه‌مان لە شێنێ كرد، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا من هه‌ڵبژێردرام كه سه‌رپه‌رشتى كاروباره‌كانى كۆمه‌ڵه بكه‌م. دواى ئه‌وه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوانى ترمان به‌ست، پاشان كۆنفرانسى یه‌كه‌ممان به‌ست و له‌م كۆنفرانسه‌دا من به سكرتێررى كۆمه‌ڵه هه‌ڵبژێردرام. ئێمە له سه‌رده‌مى پێشمه‌رگایه‌تیدا (3) سێ جار كۆنفرانسى كۆمه‌ڵه‌مان به‌ستووه.
گوڵان: به‌ڵام له هه‌شتاكان دوایى نه‌به‌سترا؟
نەوشێروان: له هه‌شتاكانیش به‌ستمان به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى له 1986 شه‌ڕى سه‌خت له‌نێوان كورد و حزبى به‌عس درووست بوو، له‌راستیدا له ترسى بۆردوومانكردن و بەكارهێنانی چه‌كى كیمیایى نه‌مانتوانى كۆنگرەیەكی وه‌ها ببه‌ستین، ئه‌ترساین كه زۆربه‌ى كادیره‌كانمان بكوژرێن.
گوڵان: رەنگە ئه‌و كاته حه‌ماسێكیش نه‌بووبێت بۆ به‌ستنى كۆنگره؟
نەوشێروان: شەڕەكه ئه‌وه‌نده سه‌خت بوو، بوو بووه ئه‌وله‌ویات. ئه‌وه‌ى من باسى ده‌كه‌م دواى 1986 ه.هۆكارەكەشی ئەو شەڕە سەختە بوو كە ئه‌و كاته جێگایەك نه‌بوو تۆ بتوانى به دڵنیایی كۆنفرانسى تێدا ببه‌ستى.
گوڵان: له 21-11-1976 كه شەهابی شێخ نورى و جەعفەر عەبدولواحید لە سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵه و ئه‌نوه‌ر زۆراب له رێكخستنی به‌غداد له سێدارە دران. ئایا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه له سێداره دران یان به‌هۆى بیرى نه‌ته‌وه‌یى و كوردایه‌تى بوو؟
نەوشێروان: یه‌كێك له‌و شتانه‌ى كه له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵه‌وه ئێمە گرنگیمان پێ ده‌دا ئه‌وه بوو كه كۆمه‌ڵه خۆى بپارێزێ لە لێدان . ساڵى 1970 تا 1975 ئێمە هینى ئه‌وه‌مان هه‌بوو كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك بگیرایه ره‌نگ بوو پارتى بیگرێ به تۆمەتی ئه‌وه‌ى كه جاسوسى به‌عسیه، حكومه‌ت بیگرێ به تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى كه جاسوسى ده‌زگاى پاراستنه. له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه‌نده‌ى بۆمان كرا هه‌وڵماندا هه‌ڵقه‌ی رێكخستنە‌كانى نا كۆمه‌ڵه زۆر زۆر ته‌سك بێت و ئێمە كادیری رێكخستن دروست بكه‌ین نه‌ك رێكخستنی جه‌ماوه‌رى. له‌به‌رئه‌وه ئه‌ده‌بیاتیشمان نه‌بوو، یه‌ك دوو بڵاوكراوه وه‌ختى خۆى به هەڵە بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دوایى كۆكراوه‌ته‌وه. كۆمه‌ڵه تا ساڵى 1976 هیچ شتێكی به رە‌سمى بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه بۆ خه‌ڵك. به شێوەیەكی زۆر نهێنی كارى ده‌كرد له ناو نوخبه‌یه‌كى هه‌ڵبژێردراودا، بۆ نموونه له ناو زانكۆی سلێمانیدا وەختێ كە رێكخستن دروست ده‌كه‌یت ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ت رێكدەخست كه له‌كاتى قەیران و تەنگژەكاندا دەتوانێ سەركردایەتی رای گشتیبكات، ئەتوانێت لە ناو خوێندكاران‌دا رۆڵێكی كاریگەری هەبێت له‌ناو كرێكاراندا ئەو كەسانە رێكبخەیت كه له كاتى ئه‌زه‌ماتدا ئەتوانێت له ناو چینى كرێكاراندا كار بكات، له‌ناو رۆشنبیراندا هه‌ر به‌م شێوەیه. واته هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌مانه هه‌وڵده‌درا كۆبكرێته‌وه و به چه‌ندین قۆناغدا تێده‌په‌رین و به هه‌ڵقه‌ى رۆشنبیرى و ئه‌مانه تا ئه‌بن به ئه‌ندام. ساڵى 1975 كاتێ كۆمه‌ڵه هاته ناو یه‌كێتییه‌وه ئیتر ئه‌و قۆناغه ده‌ستى پێكرد. كاك شه‌هاب و ئه‌و براده‌رانه‌ى كه حوكمى ئیعدام دران به تۆمه‌تى ئه‌وه‌بوو كه ئه‌مانه ته‌یارێكى ماركسیان درووست كردووه و سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌یان كردووه و په‌یوه‌ندیان كردووه به جیهاتى بێگانە‌وه، چونكه كاك شه‌هاب چه‌ند جارێك چووبوو بۆ به‌یروت فه‌ڵه‌ستینیه‌كانى بینیبوو. واتا بەشێكی ئه‌و براده‌رانه‌ى ئیعدام كران له‌سه‌ر ئه‌وه ئیعدام كران.
گوڵان: ئێستا یان جارانیش باس له‌وه ده‌كرا كه جیاوازیه‌ك هه‌بووه له‌نێوان شه‌هید ئارام و شه‌هید شه‌هاب. هەریه‌كه و سه‌ر به باڵێكى سه‌ربه‌خۆ بوون و كۆمه‌ڵێك گرووپى دیكه‌یان له خوار خۆیان هه‌بوو. یه‌عنى كۆمه‌ڵێك په‌یره‌وى شه‌هید شه‌هابى كردووه و كۆمه‌ڵێكیش په‌یڕه‌وى شه‌هید ئارامى كردووه. ئایا كاك نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یڕه‌وى كام باڵى ده‌كرد تا ئه‌و دوانه مابوون؟
نەوشێروان : ئه‌وه راست نییه، ئەوە راست نییە،یه‌ك كەڕه‌ت ناكۆكى له‌ناو كۆمه‌ڵه دروست بوو، ئه‌ویش ناكۆكیه‌كى فكرى بووه، دوایى حه‌سم بوو. ناكۆكیه‌كه دواى ساڵى 1975 و تێكشكانی شۆرشى كوردبوو، له ناو سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵه جۆرێك له بۆچوون دروست بوو بوو كه ئایا ناكۆكى سه‌ره‌كى ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌عسه یان له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزمى ئه‌مریكایه. به‌ڵام له دواى فه‌تره‌یه‌كى زۆر كه‌م ئه‌و موشكیله‌یەش حه‌ل كرا ئه‌وه‌ى كه پێشبینی شۆرشى كرد و كاك شه‌هابیش پێشبینی شۆرشى كرد.
گوڵان: ئه‌ى بۆ له سەركردایەتی كۆمه‌ڵه و سه‌ركردایه‌تى ئێستاش هه‌ندێ جاران ئه‌و شتانه باس ده‌كرێن. له سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئه‌وانه‌ى كه پێشان له مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵه بوونه باسى ئه‌و جیاوازیه ده‌كه‌ن له نێوان شه‌هید ئارام و شه‌هید شه‌هابدا؟
نەوشێروان: من پێموایە ئەوە راست نییه. رە‌نگه ئه‌و براده‌رانه له بێئاگاییه‌وه قسه ده‌كه‌ن. تا ئه‌و زه‌مانه‌ى كه كاك شه‌هاب و هاوڕێكانى له سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵه بوون كاك ئارام كادیرێكى ئاسایی بووه له كۆمه‌ڵه، له سه‌ركردایه‌تى نه‌بووه. دواى ئه‌وه‌ى كاك شه‌هاب و هاوڕێكانی كه‌وتنه به‌ر گرتن و راونان و كۆمیته‌ى هه‌رێمه‌كان دروست بوو، له‌وه‌یا كاك ئارام هاته پێشه‌وه و بووه كه‌سى یه‌كه‌مى ناو كۆمه‌ڵه.
گوڵان: باشه كاك نه‌وشیروان كه باسى شه‌ڕى ناوخۆى هه‌شتاكان ده‌كرێت، له‌به‌رچى هه‌موو حزبه‌كانى به‌ره‌ى جود ئه‌وانه‌ى كه ئێستاش ماون و جگه له‌مانه‌ش زۆر خه‌ڵكى ته‌نانه‌ت ناو یەكێتیش ئێستا نه‌وشیروان به سه‌ركرده‌یه‌كى كاریگەری ئه‌و شه‌ڕه‌ى ناوخۆیە دادەنێن. وه‌ك رۆژانه ئه‌وانه‌ى ناو مه‌كته‌بى سیاسیش ئه‌وه ده‌ڵێنه‌وه كه نه‌وشیروان خه‌ڵكى به كوشتن داوه. باشه بۆ هه‌ر كاك نه‌وشیروان سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌كرد،یان فیعلەن تۆ رۆڵێكی زۆرت هەبوو، بەكورتی بۆچى ناوى تۆ زیاتر له هه‌ر ناوێكی دیكه زه‌ق ده‌كرێته‌وه؟یان مەبەستێكی تر هەیە كە ئێمە نایزانین؟
نەوشێروان: ره‌نگه ئه‌وه دوو فاكته‌رى هه‌بێت. یه‌كێكیان فاكته‌رى ناوخۆى یه‌كێتییه كه ئه‌وه بەشێكە لەو ململانێیە ناوخۆییه‌ى له نێوان باڵه جیاجیاكانى ناو یەكێتیدا هه‌یه. به‌شێكی تریشیان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و توانا میدیاییه‌ى كه كاتى خۆى حزبى شیوعى عێراق هه‌یبوو، له راستیدا حزبی شیوعى رۆڵی زۆر گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌وه‌ى كه ناوى من به شه‌ڕی ناخۆوە بنووسێنن به تایبه‌تى دواى شەڕی (پشتئاشان) و ئه‌وانه. خۆت ئه‌زانى كادرى راگه‌یاندن له حزبى شیوعیدا زیاتر بوو، ئه‌و زه‌مانه یه‌كێتى سۆڤیه‌ت مابوو، حزبى شیوعى له‌گه‌ڵ حزبى شیوعى تر‌ى دونیا په‌یوه‌ندیان هه‌بوو ئیتر هەڵمەتێكی جیهانییان دژ بە من دەست پێكرد .
گوڵان: باشه له‌به‌رچى ناوى تۆیان دیار خست؟ئایا لەبەرئەوە نەبوو فیعلەن رۆڵێكی باشت نەبینی؟
نەوشێروان :له‌به‌رئه‌وه‌ى من سه‌ركردایه‌تى هەندێك له شەڕەكانم كردووه.
گوڵان: واتا حەقیقەتێكی تێدا هەبووە بەرامبەر بە تۆ؟
نەوشێروان : من حه‌ز ناكه‌م بگەڕێینەوە بۆ رابردوو گۆڕ هه‌ڵبده‌ینه‌وه چونكه كەگۆڕ هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه عاده‌ته‌ن بۆگه‌ن و ئێسك و پرووسك دێتە ده‌ره‌وه. شەڕی یەكێتی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانى ترا، له‌راستیدا به پلەی یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتیدا بوو، چونكه پارتى وه‌كو تاكه حزب مه‌بده‌ئى ته‌عه‌دودیه‌تى قه‌بوڵ نه‌ده‌كرد. ئه‌و شەڕانه به‌شێك بوو له چه‌سپاندنى فكره‌ى ته‌عه‌دودیه‌ت كه بۆ جارى یه‌كه‌م بوو یەكێتی هێنایە كوردستانه‌وه. فره‌یى حزبى، فره‌یى سیاسى و فره‌یى رۆژنامه‌وانى تا ئه‌و زه‌مانه پارتى خۆى به تاكه حزب ده‌زانى كه شیعارى ئه‌وه‌ى هه‌بووپێشڕەوی كورد پارتیه و هیچ حزبێكى تر نییه. ئه‌مه وەختێك یەكێتی دروست بوو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه بوو له‌و سه‌ره‌تایه.
گوڵان: به‌س هه‌ست ناكه‌ى له واقیعى عه‌مه‌لیدا یه‌كێتى نه‌یتوانى ئیستیعابى ئه‌و هه‌موو حزبه كوردستانیانه بكات، كە خەباتی رزگاری نیشتمانیان دەستپێكردبوو؟چونكه یه‌كێتى به‌ته‌نیا له‌به‌ره‌یه‌ك بوو و حزبه‌كانى تریش هەموویان له به‌ره‌یه‌كى تر. خۆى ته‌عه‌دودیه‌ت ئه‌وه‌یه حزبه‌كانى تر قه‌بوڵ بكه‌ى له كاتێكدا پارتى له‌ناو زۆرترین حزبه‌كانی كوردستانیدا بوو، بەرەی جودیان پێكهێنابوو، به‌ڵام یه‌كێتی به ته‌نیا بوو و شەڕی دەكرد بۆ ئەوەی هەموو حزبه‌كانى تر‌ى وه‌كو سۆشیالیست وشیوعی و پاسۆك و ....هتد پاكتاو بكات؟
نەوشێروان : من وه‌ك گوتم نامه‌وێ باسى ئه‌وه بكه‌ین. بە جێیدەهێلین بۆ مێژوونووسان، با ئه‌وان هه‌ڵیسه‌نگێنن.
گوڵان: با بێینە سەر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه... خه‌ڵكێكی زۆر چ ئه‌وانه‌ى ئێستاش هه‌ر خۆیان به كۆمه‌ڵه ده‌زانن یان له رێگاى كۆمه‌ڵه‌وه توانیان ببن به كادیرێكى كوردستانى و نیشتمانى،قسە ئەوەیە خه‌ڵكى ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌ش دەڵێن گورزێكی گورچك بڕ بوو كە درا له كۆمه‌ڵه و ته‌نانه‌ت له بزاڤى نیشتمانیش، باشە كاك نه‌وشیروان چۆن توانى ئه‌و بڕیاره بدات كه كۆمه‌ڵه له ساڵى 1988 هەڵبوەشێنێتەوە؟
نەوشێروان: من به ته‌نیا ئه‌و بریاره‌م نه‌دا، ئه‌وه ژماره‌یەكى زۆر پێش من له كادیره‌كانى كۆمه‌ڵه ئه‌و گفتوگۆیانه‌یان ده‌ست پێكردبوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتى شۆرشگێڕاندا، له قاسمه ره‌شه‌وه ئه‌و گفتوگۆیانه‌یان ده‌ستپێكردبوو. كه بڕیارى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌شمان دا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى زۆر فراواندا چه‌ند سه‌د كەسێك تێیدا به‌شدار بوون كه ئه‌و بڕیاره‌مان دا. بەڵام لە بیرت نەچێت وه‌ختێك كە كۆمه‌ڵه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه ته‌سلیمى ده‌ست سه‌ركردایه‌تیه‌كم كرد كه جگه له دوو كه‌سیان ئه‌وانى تر هه‌موویان كۆمه‌ڵه بوون.
گوڵان: واتا خۆت قه‌ناعه‌تت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه هه‌بوو؟
نەوشێروان : به‌ڵێ ئه‌و زه‌مانه قه‌ناعه‌تم پێ هه‌بوو. به‌ڵام ئەزموون ده‌رى خست كه شتێكى هه‌ڵه‌مان كردووه.
گوڵان:هه‌ستت كرد كه غه‌درێكت كردووه؟
نەوشێروان : ئێستا واتا ئەو دوو سێ ساڵه هه‌ست ده‌كه‌م كه كارێكی هه‌ڵه‌مان كردووه. لەوەوپێش پێم وابوو وه‌ك بۆم باس كردى كە كۆمه‌ڵه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ته‌سلیمى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیمان كرد، ئه‌و كاته له‌ناو سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیدا ته‌نها د.فواد مه‌عسوم و د.كه‌مال فواد كۆمه‌ڵه نه‌بوون ئه‌وانى تر هه‌موویان كۆمه‌ڵه بوون و ده‌یانتوانى هموو یه‌كێتی بكه‌ن به كۆمه‌ڵه.
گوڵان : بەڵام نەیانكرد؟
نەوشێروان : بەڵێ نەیانكرد..
گوڵان:دەكرێت بزانین كاك نه‌وشیروان له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆر جاران هه‌ست دەكرێت لە حزب دادەبڕێت واتا تووڕە دەبێت، وەك ماوه‌یه‌ك له زەڵێ دانیشتبووى خه‌ریكى نووسینى یاداشتەكانت بووى و هه‌ندێ جاریش سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌ت كردووه، هه‌ندێ جارى دیكه‌ش هه‌ست ده‌كه‌یت كاك نه‌وشیروان عادزه، دڵگیره، تووڕە‌یه. ده‌كرێ بزانین ئه‌و هه‌موو جارانه كاك نه‌وشیروان ئیستیقاله‌ى ده‌دا یان هه‌ر بۆ خۆى تووڕە ده‌بوو و خۆى دوور ده‌خسته‌وه و دەچووە كەنار و لە ناوەند دووردەكەوتەوە؟
نەوشێروان:پێموایە ئێوەو مانان حه‌قه به ته‌قدیره‌وه سه‌یرى ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ى من بكه‌ن. چونكە ئه‌و كاتانه‌ى من دوور ده‌كه‌وتمه‌وه له راستیدا له‌كاتی شه‌ڕى ناخۆدا بووەو من بۆم به‌جێهێشتوون. بۆ نموونه بۆت باس بكه‌م له دواى هه‌ڵبژاردنى یه‌كه‌مى په‌رله‌مانه‌وه من له‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانى خۆمانا ناكۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئایا كادیره‌كانى یەكێتی بێنین كاروبارى حكومه‌تى پێ بسپێرین یاخود كادیره‌كانى یەكێتی چاو‌دێر(مراقب) بن به‌سه‌ر حكومه‌ت و، ته‌كنۆكرات بهێنین. ئه‌وە یەكێك لەو خاڵانە بووە بووه كه ئه‌و زه‌مانه من لایه‌نگرى ئه‌وه بووم خەڵكی تەكنۆكرات بهێنین با ئەوەشت پێ بڵێم منیان ته‌رشیح كرد بۆ یەكەم سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ڵام نه‌مكرد چونكه باوەڕم پێ نەبوو. براده‌رانى تر پێیان وابوو ئه‌گه‌ر له دەسەڵات‌دا نه‌بین خه‌ڵكمان له‌گه‌ڵ نابێت، له‌به‌رئه‌وه دەیانوت ئێمه خۆمان له شۆرشدا ماندوو بووین بۆچى ته‌سلیمى خه‌ڵكى تر‌ى بكه‌ین. له مه‌وزوعى یه‌كێتی و پارتیشدا من رەئیم وابوو، بێگومان پێش هه‌ڵبژاردن من له‌گه‌ڵ كاك مه‌سعود قسه‌م كرد له‌سه‌ر ئه‌ساسى ئه‌وه‌ى لیستێكى هاوبەش دروست بكه‌ین. من باوه‌رم وابوو له‌به‌رئه‌وه‌ى میلله‌ته‌كه‌مان به قۆناغێكى زۆر سه‌ختدا تێپەڕیوه و تووشى كاره‌ساتى سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى، ئابوورى و رۆشنبیرى بووه. ئه‌م قۆناخە میله‌ته‌كه‌مان پێویستى به ئیستیقرار هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش چاكترین شت ئه‌وه‌یه دوو حزبه سه‌ره‌كیه‌كه لیستى سه‌ره‌كیان هه‌بێت. ئه‌و زه‌مانه (1992 ) په‌رله‌مان سه‌د ئه‌ندامى هه‌بوو، وتم با پارتى 35 كورسى هەبێت و یەكێتی 35 كورسى هه‌بێت. 30 یه‌كه‌ى تر بۆ خه‌ڵكى سه‌ربه‌خۆ و ته‌كنۆكرات و حزبه‌كانى تر دابنێین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له نێوان یەكێتی و پارتیدا جۆرێك له ناكۆكى دروستبوو، ئەو كاتە ئه‌و سى كه‌سه بتوانێت باڵانسه‌كه راست بكاته‌وه. به‌ڵام فكره‌كه‌ى من قه‌بوڵ نه‌كرا. من پێشنیارم كرد بۆ براده‌ره‌كانى خۆمان كه ئه‌گه‌ر لایه‌ك حكومه‌ت وه‌ربگرن و لاكه‌ى تر ببن به ئۆپۆزیسیۆن. له‌گه‌ڵ پارتى قسه بكه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان حكومه‌ت وه‌رگرن ئێمه ده‌بین به ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌گه‌ر ئێمەش حكومه‌تمان وه‌رگرت با ئه‌وان ببن به ئۆپۆزیسیۆن. ئه‌و فكره‌یه‌ش له لاى براده‌ره‌كانى ئێمە قه‌بوڵ نه‌بوو و پێیان وابوو پێكەوە حكومەتێكی ئیئتیلافى دروست بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه من عه‌قڵم نه‌یبڕى و وازم لێ هێنا. وه ئه‌گه‌ر وازم لێ نەهێنابایه ئیحتیمالى هه‌بوو ئه‌و ناكۆكیانه، ئه‌و زه‌مانه موماره‌سه‌ى كارى دیموكراسى زۆر كه‌م بوو، ره‌نگ بوو ببێته هۆى هه‌ڵگیرسانى شەڕ له‌نێوان ئه‌و باڵانه‌ى ناو یه‌كێتیدا. پێموابوو ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتى به ساغ و سه‌لامه‌تى بمێنێته‌وه له‌به‌رئه‌وه من بۆم به‌جێهێشتن. هه‌موو جاره‌كانیش وابووه كه ناكۆك بوو بووم له‌گه‌ڵ رەفیقه‌كانم له‌جیاتى ئه‌وه‌ى شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكه‌م بۆم جێهێشتوون.
گوڵان: هه‌ست ناكه‌ى له سیاسه‌تدا ئه‌وه مه‌رفوزه؟ ئه‌و وازهێنان و خۆ دوورخستنه‌وه‌یه. سیاسه‌ت وایه تۆ دەبێت ململانێش بكه‌یت و هه‌وڵیش بده‌یت كه‌مینه‌ى خۆت بكه‌یت به زۆرینه.
نەوشێروان: ئه‌وه له وڵاتێكدا كه حزبه‌كان چه‌كدار نه‌بن راسته، به‌ڵام له وڵاتێكدا كه حزبه‌كان چه‌كدار بن و سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه و سه‌ركردایه‌تى سیاسى ئاماده بن به چه‌ك دیفاع له مانه‌وه‌ى خۆى له‌و پۆست و پایانه‌دا بكات پێم وایه ئینسان بكشێته‌وه باشتره وه‌ك له‌وه‌ى شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكات. ئه‌وه‌ى كه تۆ باسى ده‌كه‌یت ره‌نگه له وڵاتێكدا بێت كه ته‌قالیدى دیموكراسى رەگداكوتاوى تێدابێت. له ئه‌وروپارەنگە وابێت بەڵام لە كوردستانێكدا كه هه‌موو چه‌كدارن پێم وایه ئه‌وه سه‌ر ناگرێ .
گوڵان: لینین كه شۆرشى ئۆكتۆبه‌رى داگیرساند سه‌ره‌تا كەمینە بوو دوایى به گفتوگۆی چڕ‌و بەردەوام بوو به زۆرینه. عه‌زیز محه‌مه‌دیش جەبهەی وەتەنی له‌گه‌ڵ به‌عس كرد خۆ لە سەرەتا كەمینە بوو، بەڵام بە كۆبوونەوەی بەردەوامی ناو كۆمیتەی ناوەندی بوو به زۆرینه. واتا له سیاسه‌تدا وایه ململانێكە رەنگە هەندێك جار درێژخایەن دەبێت، ناشبێ سارد ببیتەوە. به‌ڵام كه دوور كه‌وتیه‌وه رە‌نگه ئه‌وانى تر ئیستیغلالى بكه‌ن و زیاتر ئه‌و نه‌هجه‌ى كه ده‌یانه‌وێت جێگیری ده‌كه‌ن. فكره‌كه‌ى تۆش لەو كاتە زیاتر بچووك ده‌بێته‌وه چونكه تۆ مه‌یدانه‌كه‌ت بۆ جێهێشتوون. پێم وایە ئه‌وه له سیاسه‌تدا زیاتر زیانت پێدەگەیەنێت، بۆیە ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیت باشتره و هه‌وڵیش بده‌یت نه‌گاته پێكدادانى چه‌كدارى. چونكه هه‌ندێك جاران ده‌بێتە كۆڵدان، رەنگە تۆ به نیشتمانپه‌روه‌رى بزانى بۆ ئه‌وه‌ى ئەو كێشەیەی هەیە با كەسی تێدا نەسووتێ بەجێیدەهێلی؟
نەوشێروان :من نموونه‌یه‌كت بۆ باسكه‌م. كاتێك كە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێكرد من زیاتر له ساڵێك بوو له له‌نده‌ن دانیشتبووم. هیچ ده‌ستێكم له هه‌ڵگیرسانى شەڕی یەكێتی و پارتى و، یه‌كێتى و بزوتنه‌وه‌دا نه‌بوو، من به‌سه‌ر شه‌ڕە‌كه‌دا هاتمه‌وه. كه هاتیشمه‌وه لایه‌نى گفتوگۆكه من ده‌مكرد. له گفتوگۆكه‌شدا یه‌ك خاڵی بنەڕەتی هه‌بوو به نسبه‌ت منه‌وه كه ئه‌مویست جێبەجێی بكه‌م ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌ى برایم خه‌لیل و داهاتى برایم خه‌لیل بوو. یه‌عنى هه‌موو ململانێكه‌ى من كه پێیان ده‌وتم مه‌وقیفى موته‌شه‌دیده له‌به‌ر ئه‌و هۆكارە بووه. وه‌ختێك كه بینیم هیچ رێگه له ئاسۆى نزیكدا و هیچ هیوایەكی ئه‌وه نییه كه له نێوانی یەكێتی و پارتى دا رێككە‌وتن ببێت، ئاخر مه‌رحه‌له من خۆم به شه‌خسى كاغه‌زم بۆ كاك مه‌سعود بارزانی نووسی و كاك مه‌سعود یش جوابى بۆ نووسیمه‌وه و گه‌یشتینه داڕشتنێك (سیغه‌یه‌ك )كه بگه‌ینه رێككە‌وتن، بەڵام كە سه‌یرم كرد له ناو پارتى و یه‌كێتیشدا چه‌ندین گرووپ هه‌ن دژى ئه‌و رێككەوتنەن و نایانەوێت سەربگرێت. له‌به‌رئه‌وه جارێكی دیكەش بەجێمهێشت .
گوڵان: قسه‌یه‌كى بەربڵاو هه‌یه دەڵێت كاك نه‌وشیروان ته‌نها سلێمانى پێ شاره. واته بیرێكى ناوچه‌گه‌رى به‌سه‌ریدا زاڵه. ده‌كرێ ئه‌مه له‌سه‌ر زارى خۆته‌وه راستی ئەمە بزانین؟
نەوشێروان :ئه‌سڵه‌ن من خۆم به كوردستانى ده‌زانم نه‌ك خۆم به خه‌ڵكى كوردستانى عێراق بزانم. یه‌ك نیشانه‌م پێ بڵێ دەلیلی ئەوە بێت كە من ناوچەگەرێتی دەكەم.
گوڵان: دەڵێن گوتووتە هەولێر كوێی پیرۆزە تا شەڕی تیا نەكرێ كاتێ ساڵى 1994، 1995 و 96 و واته ئه‌و ساڵانه‌ى كه شه‌رى ناوخۆ هه‌بوو. ئایا فیعله‌ن تۆ وات گوتووه؟
نەوشێروان :وه‌كو مه‌بده‌ء من هه‌موو كوردستان‌م پێ پیرۆزه نه‌ك هه‌ر شارى هه‌ولێر. له زاخۆوه تا خانه‌قین به ناوچه دابڕاوه‌كانیشه‌وه به شتێكى پیرۆزی ده‌زانم، وه‌ختى خۆیشى كه ئێمه خه‌باتمان كردووه له پێناوى نیشتمانه‌كه‌مان خه‌باتمان كردووه. نیشتمانه‌كه‌ى ئێمه‌ش به‌ته‌نیا بریتى نییه له شارى سلێمانى. ئه‌وه قسه‌یه‌كى ناراسته و من وام نەوتووە، بەڵام ئه‌وەش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قسه‌وقسه‌ڵۆكانه‌ى كه باڵه ناكۆكه‌كانى ناو یه‌كێتى بۆ یه‌كترى دروستی ده‌كه‌ن. ئه‌گینا ئه‌وه‌ى كه من پێم دەڵێن موهه‌ندسى شه‌ڕی براكوژى بووه، من هه‌موو شەڕەكانی پێش راپەڕینیش هەر له‌سه‌ر هه‌ولێر كردوومه.
گوڵان:كاك نه‌وشیروان هەندێك جار هەڵوێستی زۆر جدیت هه‌یه وتێبینی و ره‌ئى خۆت هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ى كه تۆ به نانیشتمانى ده‌زانى و یان ئه‌و شتانه‌ى كه تۆپێت وایه زیانى هه‌یه بۆ ئایینده‌ى كوردستان. دواى رووخانى به‌عس كه رژێمی به‌عس نه‌ما له‌سه‌ر حوكم، كۆمه‌ڵێك فایل هاته گۆڕێ گوایه له سەركردایەتی یەكێتی و حزبه‌كانى تریشدا فایلدار هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه حەقیقەتێكی تێدایە بۆچى ئه‌و كاته مه‌وقیفت وه‌رنه‌گرت؟خۆ ئه‌وه‌ش بابه‌تێكى زۆر جددى بوو؟
نەوشێروان:مه‌به‌ستت له فایلدار چییە؟
گوڵان:ئه‌وانه‌ى كه یارمه‌تیده‌ر بوونه له‌گه‌ڵ به‌عس جا بە هەر شێوەیەك بێت، سیخور بووبن یان هه‌ر شتێكى تر، گرنگ ئەوەیە هاوكاری بەعس بووبن.
نەوشێروان :من زۆربه‌ى فایله‌كانى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیم بینیوه، لە راستیدا به مه‌عناى سیخور كه‌سیان سیخور نه‌بوونه تاوه‌كو ئینسان ناونووسى بكات.
گوڵان:كاك نه‌وشیروان دوای رووخانی بەعس به‌شدارى له بنیادنانه‌وه‌ى عێراقی نوێ كرد. ئایا فیعله‌ن كاك نه‌وشیروان بڕواى به عێراقی نوێ هه‌بوو كه به‌م شێوه‌یه سه‌ردانى به‌غداى كرد و به‌شدارى ئەنجوومەنی حوكمى كرد بۆ ئه‌وه‌ى عێراقێكی نوێ دروست بكات؟بۆچى خه‌ریكى كوردستان نه‌بوو و دواى رووخانى سه‌دام كوردستان بكاته كوردستانێكی نوێ؟
نەوشێروان :پێموایه بۆ هه‌ردووكیان كارمان كردووه. به نسبه‌ت كوردستانه‌وه پێم وایه ئێمه ئیشێكى زۆر گه‌وره‌مان كردووه ئێستا له كوردستان ده‌توانیت بڵێیت به مه‌عناى وشە بناغه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردى هه‌یه. هیچ لایەنێكی عێراقی و ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیش بەگونجاوی نازانن كه كورد ده‌وڵه‌ت دروست بكات. بۆ تۆ باشترین رێگا ئه‌وەیه له عێراقێكى تازه له ده‌زگاى بڕیاردانى سیاسیا تۆ بتوانیت ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت. تا ئه‌و كاتەی كە نا‌توانیت جیابیته‌وه خۆت حه‌ز بكه‌یت و حه‌ز نه‌كه‌یت بەشێكی له عێراق. مادام بەشێكیشی لە عێراق، له عێراقدا دەوڵەتێكت هەبێت كه ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت له ده‌زگاى بڕیاردانى سیاسی‌دا. دەوڵەتێك بێت دیموكراسی بێت، دەوڵەتێك بێت له خزمه‌تى خه‌ڵكه‌كه‌دا بێت و دەوڵەتێكی تازە بێت ئه‌مه له قازانجى كورده. ئه‌وه‌ى تریش من پێم وایه ئێمه بناغه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردیمان دامه‌زراندووه.
گوڵان :چوار ساڵى رێك به‌ر له ئەمڕۆ بەڕێزت لەگەڵ كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یەكێتی یاداشتنامه‌یه‌كیان به‌رز كرده‌وه كه ده‌نگى ناڕه‌زایى له‌سه‌ر چه‌ند شتێك تێدا بوو، یه‌ك له‌و پرسانه ته‌مه‌نى مام جه‌لال بوو. ئایا مه‌به‌ست له‌وه‌بوو كه ئه‌و ته‌مه‌نى گه‌وره‌یه و جه‌نابت ببى به سكرتێر؟ واتا تۆ واجیهه‌یه‌كى تر بووى له ناو یه‌كێتى دواى مام جه‌لال یان مەبەستێكی ترت هه‌بوو؟بۆچى ته‌مه‌نتان خسته ناو ئه‌و پرسەوە؟تۆ باسى به‌رنامه‌ى سیاسیت ده‌كرد تەمەن رەنگە هەندێك جار رۆڵی نەبێت؟
نەوشێروان :راسته ته‌مه‌ن ره‌نگه هەندێك جار رۆڵی نەبێت، به‌ڵام له مه‌سه‌له‌ى سه‌ركردایه‌تى یەكێتیدا نوێبوونەوە و تازه‌گه‌رى شتێكیى زۆر له‌سه‌رەخۆییه. به‌شێكیى زۆرى ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له ته‌مه‌نێكدان كه ئه‌بێت جێگه بۆ گه‌نج چۆڵ بكرێت. دواى ئه‌مه، هه‌موو كه‌سێك كه گه‌یشته تەمەنێك ئەبێت بیر له‌وه‌ى دواى خۆى بكاته‌وه. من له تۆ ده‌پرسم ئایا ده‌زانیت دواى مام جه‌لال چى به‌سه‌ر یەكێتی دادێت؟ئایا ئه‌زانیت دواى مام جه‌لال چى به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان یەكێتی و پارتی دادێت؟ئایا ئه‌زانیت دواى مام جه‌لال چى به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان كوردی عێراق و حكومەتی عێراق دێت؟پێویستە هه‌موو كەسێك پێشبینی ئه‌وه بكات كه دواى خۆى ئه‌گه‌ر به مردنیش نه‌بێت، به وازهێنان، نه‌خشه بۆ ئه‌وه دابنێت كه دواى خۆى كه‌سانێك هه‌بن درێژه به ئیشەكە بده‌ن.
گوڵان :باشه بۆ ئه‌وه‌ى شته‌كه شه‌رعیه‌تێكى جوانترى وه‌ربگرتایه باشتر نه‌بوو داواى بەستنی كۆنگره‌تان بكردایه؟چونكه له كۆنگره بڕیارى ئه‌و شتانه ده‌درێت.
نەوشێروان : ئه‌وه راسته، به‌ڵام تۆ ئه‌زانى كۆنگره‌ى یه‌كێتی كه‌ى ئه‌به‌سترێ؟
گوڵان:من نەوەڵلا، خۆ من لە سەركردایەتی یەكێتی نیم ..
نەوشێروان : منیش هەرنازانم، منیش ئێستا‌و ئه‌و كاتیش نه‌مده‌زانى، چونكه سكرتێرى گشتى ئه‌و بڕیاره ده‌دات كه‌ى كۆنگره ببه‌سترێ و نه‌به‌سترێ. عاده‌تەن حزبه باشه‌كانى دونیا پێش كۆنگره ناكۆكیه‌كانى ناو خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن. گه‌ڵاڵه‌ى به‌رنامه‌ى تازه ئاماده ده‌كه‌ن و ئیش ده‌كه‌ن كه سه‌ركردایه‌تى داهاتوو كێ بێت و كێ نەبێت كاتێكیش ده‌چنه ناو كۆنگره‌وه ناكۆكیه‌كانى ناو خۆیانیان چاره‌سه‌ر كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ڕیزێكى یه‌كگرتووه‌وه بچنه ناو كۆنگره و بەڕیزێكى یه‌كگرتووه‌وه‌ش بێنه ده‌ره‌وه. نه‌ك بچن له‌ناو كۆنگره‌كه شه‌ڕه‌كان هه‌ڵبگیرسێنن.
گوڵان:با ببێینە سه‌ر كاك نه‌وشیروان خۆى. ئایا كاك نه‌وشیروان ته‌نها له پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستی خۆی كێشاوەتەوە، یان لە سەركردایەتی و یه‌كێتیش؟
نەوشێروان :ئه‌توانى وەڵامی ئه‌و پرسیاره خۆت بیده‌یته‌وه. من ئه‌گه‌ر بڵێم یەكێتی نیم بڕوام پێ ده‌كه‌یت؟
گوڵان:نه‌وه‌ڵا
نەوشێروان : دوای ئەوەش، كاكە ئینسان كە تەمەنێكی دوور و درێژی لەناو حزبێكدا بەسەر دەبات، هەموو تەمەنی گەنجێتی خۆی بەسەردەبات و ئەوەی كە پێیدەڵێن(حەنین ) نوستاڵجیا تۆ نا‌توانیت ئینسان ڕووت بكەیتەوە لە هەموو نوستاڵجیای خۆی مەبەستم ئەوەیە من بەدرێژایی سی ساڵ لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵك پێكەوە چەندین قۆناغی خۆش و ناخۆشمان بڕیوە چەندین یادگاریمان هەیە نا‌توانیت تۆ خۆت یەكجار ڕووت كەیتەوە لەم هەموو شتانە.
گوڵان:بەڵام ئێستا هەست ناكەیت لە دووڕیانێكدای؟ نازانیت لە لای یەكێتی بمێنیتەوە یان ئەوەتا ئەو بیر و تەوەجوهاتەی خۆت وردە وردە چڕ دەكەیتەوەو یەكێتیت لەسەر ئاگرێكی نەرم داناوە وەك چۆن بڵێی چایەكەت دێم بدات، تا ئەو كاتەی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تەئكید هەر دەبێت بگۆڕێت جا بە هەر شێوەیەك بێت ئیمساڵ نا ساڵێك دوانی تر بەتایبەت بەهۆی تەمەنەكەیەوە، ئەو كاتە تۆ بێیت و بڵێیت بەڵێ من ئێستا سكرتێری یەكێتیم. ئەمە لە كاتێكدا ماوەی ئەم یەك دووساڵەی رابردوو و ئێستا‌و داهاتووش زەمینەیەكی لەبارتری بۆ دەڕەخسێنی؟
نەوشێروان: حەز دەكەم ئەوە بزانیت كە من لەسەر تەمەن كێشە بنیادنانێم چونكە لەوانەیە من خۆم پێش هەندێك كەس بمرم، یەعنی كەس نازانێ كەی دەمریت و هەموومان لە تەمەنێكداین كە موعەرەزین بۆ ئەوەی بمرین. ئەوە یەكێكیان. دووەمیان من لە وتارێكدا كە بڵاوم كردۆتەوە بە ناونیشانی «دوای ئەو هەموو ڕەخنەیە ئینجا چی» لەوێدا چەندین سیناریۆم هێناوەتە پێشەوە. گۆڕین لە ڕێگەی گۆڕینەوە لەناو حزب، گۆڕین لە ڕێگەی گۆڕینەوە لەناو دەسەڵات‌دا و گۆڕین لەدەرەوەی دەسەڵات و لە دەرەوەی حزب. من خۆم لە راستیدا هیچ وەڵامێكی دیاریكراوم لەسەر ئەوە نەداوەتەوە، جێمهێشتووە بۆ موناقەشەكردنێكی گشتی. دوای ئەوە كە تێركرا بە نووسینی گفتوگۆ، بە نووسینی وتار و بە گفتوگۆ ئەو كاتە خۆی ساغ دەكاتەوە لەسەر چی دەبێت.
گوڵان: كاك نەوشێروان لە ساڵانی 1980 تا 1985 و 86 تەقریبەن كاریگەرترین كاراكتەر بووی لە ناو هەناوی یەكێتی. ئایا پێیت وایە دەتوانی بەو تەوەجوهاتەی ئێستا هەتە هەمان ئەو كاراكتەرە ببینیتەوە كە لەو ساڵانەدا دەتبینی؟
نەوشێروان : ئێستا دوو قۆناغی جیاوازە، ئەو زەمانەی تۆ باسی دەكەی قۆناغی شەڕی پێشمەرگایەتی بووە ئێستا قۆناغی هەڵبژاردن و دروستكردنی دامەزراوەیی دەوڵەت و ئەوانەیە. من تەمەنا دەكەم كە پارتیش و حزبەكانی تریش هەموو لەگەڵ رۆحی سەردەمدا بگونجێن و خۆیان تازە بكەنەوە. تۆ وەختێك كە باسی فرەیی(تعددیە) دەكەیت بەبێ ئەو حزبە مێژووییانە نا‌توانیت پلورالیزم لەم وڵاتەدا دامەزرێنیت. لەبەر ئەوە ئەوەی كە من بۆ یەكێتی تەمەنا دەكەم چاكبوونەوە و ئیسلاحاتە كە بۆ پارتیش تەمەننای دەكەم.
گوڵان: بۆچوونێك هەیە دەڵێت كاك نەوشیروان مستەفا رێك واتا مام جەلال تاڵەبانی. بە مانایەكی تر كاك نەوشیروان ئێستا لە هەموو كاتێكی تر زیاتر خزمەت بە یەكێتی دەكات بەو تەوەجوهاتانەی كە ئێستا هەیەتی و لە بنەڕەتدا لەگەڵ مام جەلال هیچ جیاوازییەكی نییە،بەڵام بۆ ئەوەیەتی ئەوانەی كە لە یەكێتی دادەبڕێن كاك نەوشێروان كۆیان بكاتەوە؟
نەوشێروان : ئەوە بیروڕای خۆیانە. بەڵام لە ژیاندا من هەمیشە عەبدی بیروباوەڕی خۆم بووم.عەبدی هیچ كەسێك نەبوویمە.
گوڵان: یەكێتی بەوە بەناوبانگە لەكاتی هەڵمەت و شەڕدا جیاوازیەكانی بچووك دەبێتەوە، بەڵام ئەو كاتانەی شەڕ نییە و دۆخەكە ئارام دەبێت ئیتر جیاوازیەكانیش زەق دەبنەوە. بۆ نموونە ئێستا كە ئاشتیەوسەقامگیری هەیە، كەچی خەریكە كۆنە برینەكان هەڵدەدرێنەوە. ئایا ئەمە تا چەند ڕاستە؟چونكە تۆ ئەزموونێكی درێژت لەناو یەكێتی هەیە ئایا بەراستی وایە؟
نەوشێروان : پێم وایە لە ئاشتیدا جیاوازیەكانی یەكێتی باشتر دەردەكەوێت لەگەڵ حزبەكانی تردا. بەڵام كام یەكێتی؟ئەم یەكێتیەی ئێستا پێم وایە زۆر جیاوازی نەماوە لەگەڵ پارتی.
گوڵان: ئیمڕۆ كاك نەوشێروان بەهێزترین ئۆپۆزیسیۆنە كە بە بارودۆخەكە ڕازی نییە، حزبی تریش هەن كە لەناو حكومەتیش بەشداریانكردووە یان نەیانكردووە، بەڵام ئەوان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لە گۆڕەپانەكە نییە . بەڵكو كاك نەوشیروان كاریگەرترین ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە كە ئەمڕۆ خەڵك چاوەڕێی ئەوەی لێ دەكات كاریگەرتریش بێت لە ئێستا. ئایا مانای ئەوە نییە كە ئەو خەڵكەی تووڕە بووە لە ناو یەكێتی كە بە هەمان شێوەی ئێوە بیر دەكەنەوە و ناڕازین بە بارودۆخەكە و هەروەها ئەوانەیش كە سەربەخۆن یا لە نێوحزبەكانی تردان، كە ناڕازین، نەوشێروان بتوانیت سەركردایەتیان بكات و وەكو ئۆپۆزیسیۆنێكی پلە یەك و سنوورێك بۆ حكومەت و ئەو دەسەڵاتە دابنێیت كە هەیە، یان هەر مەبەستت ئەوەیە یەكێتی ئیسلاح بكەیت؟
نەوشێروان : من ناتوانم بە خۆم بڵێم ئۆپۆزیسیۆن. من لەگەڵ هاوڕێكانمان كە جۆرێك لە تەیاری سیاسین كۆمەڵێك چەمكی سیاسیمان خستۆتە روو، ئێمە دوژمنایەتیمان لەگەڵ هیچ كەسێك نییە. ناحەزیمان لەگەڵ هیچ كەسێك نییە.
گوڵان: مەبەستم شتی شەخسی نییە، بەڵكو لە جیاوازی بیروڕا؟
نەوشێروان : جیاوازی بیروڕای ئێمە لەسەر جۆری بەڕێوەبردنی دەوڵەتەكەیە. كە ئێمە پێمان وایە ئەم ئیدارەی كە ئێستا لە سلێمانی هەیە و ئەو ئیدارەی لە هەولێر و دهۆك هەیە لاساییكردنەوەی ئەوروپای شەرقیە كە پاشەڕۆژی نییە . بۆیە ئێمە كۆمەڵێك چەمكی سیاسیمان هێناوەتە ناو گۆڕەپانەكەوە و خستمانەتە روو . بۆ نموونە جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت، كە وەختێك ئێمە باسی جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت دەكەین مەبەستمان ئەوە نییە كە حزب لە حكومەتدا نەبێت یان لە پەرلەمان نەبێت، بێگومان كە هەڵبژاردن دەكرێت حزبەكان بەشداری تێدا دەكەن و ئەوان نوێنەر دەنێرنە ناو پەرلەمان و كابینە و وەزارەت پێكدەهێنن . بە مانای ئەوەی وەختێك كە دەڵێی حزب و حكومەت لەیەك جیابكرێتەوە پاش هەڵبژاردن و پێكهێنانی كابینە ئیتر رۆڵی مەڵبەند و لق و ناوچە و كۆمیتە و مەكتەبی سیاسی لە دەستتێوەردان(تدخل) لە كاروباری ڕۆژانەی حكومەتدا نەمێنێت. وەختێك تۆ نوێنەرەكانی خۆت ئەنێریتە ناو وەزارەت ئەبێت لەڕێگەی ئەوانەوە كارەكانت بكەیت. وەختێك تۆ فراكسیۆنێكت هەیە لە ناو پەرلەماندا ئەتوانیت لەڕێگەی فراكسیۆنەكەی خۆتەوە كار بكەیت، نەك ئەوەی بەرپرسی مەڵبەند و بەرپرسی لق و ئەمانە ڕۆژانە تەداخول بكەن لە كاروباری حكومەتدا. بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی ئەوان دای بنێن، سەرۆكی شارەوانی ئەوان دایبنێن، بەرپرسی ئاسیش ئەوان دایبنێن، ئەمە یەكێكە لە خاڵەكان. خاڵێكی دیكە كە ئەوەی ئێمە زۆر بەلامانەوە گرنگە مەسەلەی شەفافیەتە، شەفافیەت لە كاروباری دارایی، لە كاروباری سیاسی، شەفافیەت لە هەموو لایەنەكانی ژیاندا چونكە تۆ ئیتر لە قۆناخی مەترسی و ساوایی دەرچوویتە دەرەوە. ئەزموونی ئێمە ئیتر ئەزموونێكی ساوا نییە. چ ڕێگرێك هەیە لەبەردەم ئەوەی كە هەردوو وەزارەتی مالیە بودجەی حكومەتی هەرێم بەرێتە بەردەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەیەوە بكرێت، چ ڕێگرێك هەیە لەبەردەمی ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت وەزیر بانگ بكات و محاكەمەی بكات و ئەگەر زانی كە وەزیرێكی لێوەشاوە نییە متمانەی لێ بسەنێتەوە و بیگۆڕێت. ئەو مەسەلەی عەداڵەتی كۆمەڵایەتییە كە لە زەمانی یۆنان و ڕۆمانەوە شەڕی لەسەر دەكرێ، ئێمە ئەو مەسەلانەمان تەرح كردووە نەهاتووین باسی ئەوە بكەین فڵان حزب خراپە و ئەمەیان وایە و ئەمەیان وایە. ئێمە پێمان وایە كە گۆڕین لە چەمكە سیاسیەكاندا بكرێت. ئێستا ئیدارەی سلێمانی ئیدارەی تاك حزبیە ئیدارەی فرەیی نیە كە باوەڕمان بە فرەیی هەیە.
گوڵان: پێت وانیە ئەو قۆناغەی ئێستا قۆناغێكی ئینتیقالیە هەموو قۆناغێكی ئینتیقالیش كاتی پێویستە، بە بڕیارێك هەموو شنێك ناكرێ،لە ڕوسیاش هەر وابوو بە ئاسانی یەكسەر نەكەوتە سەر ئەو سكەیەی كە جەنابت باسی دەكەیت، ماوەیەكی دەوێت جا لەونەیە ماوەكە كورت بێت هەندێ جاریش ماوەكە درێژ دەبێت. ئەگەر پۆتین نەبوایە ڕەنگە ئەو قۆناغە دووبارە لە ڕوسیا درێژ دەبۆوە. مەبەست قۆناغە ئینتیقالیەكە. بەڵام پۆتین هات توانی ئەو قۆناغە زوو ببڕی، بەڵام لە كوردستان بەپێی ئەزموونمان و ئەوەی كە قەد دەوڵەت نەبووینە ڕەنگە ئەو قۆناغە درێژتر بێتەوە.
نەوشێروان : ئەوە ڕەنگە، بۆچوونێك وایە. بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر ئیرادەی سیاسی لەلای سەركردەی هەردوو حزبەكە بێت، كوردستان هێشتا نەبووە بە دەوڵەتی موئەسەسات لەبەرئەوە بڕیاری سیاسی سەركردایەتی حزبەكان زۆر گرنگە لە گۆڕینی ڕەوتی ئەو گۆڕانە.
گوڵان: ئەو سەركردایەتیەش هێندە ئەزموونی نەبووە، ئەوە ئەو چەند ساڵەیە سەیری دنیا دەكات. پێشتر ئێمە هەموومان لە شاخ بووین و كەی بیرمان لەوە دەكردەوە دەبین بە دەوڵەت و بزانین حوكمڕانی چۆن دەبێت. بۆیە ناكرێ ئێستا خۆمان لەگەڵ وڵاتێكی ئەوڕووپی بەراورد بكەین، چونكە هەر ئاستی وشیاری كۆمەڵایەتیشمان لەچاو ئەوان زۆری ماوە، وانییە؟
نەوشێروان : ئەتوانیت ئیستیفادە لە تەجروبەی خەڵك بكەیت. واتا تۆ بۆ ئەوەی كۆمپیوتەر دروست بكەیت ئەچیت لە بازاڕ كۆمپیوتەری حازر دەكڕیت یان خۆشت بە هەمان قۆناغدا ئەڕۆیت كە كۆمپیوتەریان درووست كردووە. بێ گومان ئەچیت كۆمپیوتەری حازر دەكرێت.
گوڵان: كاك نەوشیروان تۆ ئێستا لە ناو یەكێتی تۆزێك بە بەرهەڵستكار یان بەهەر شێوەو ناوێك ناودەبرێیت. ئایا ئەوە لادانێك نییە لە پەیڕەوی ناخۆی یەكێتی؟ تۆ قاڵبووی ناو ئەو دۆخەی، بۆیە لە خۆت دەپرسم ئەوەی تۆ ئێستا دەیكەیت لادانە لە پەیڕەوی ناوخۆ، یان جێبەجێكردنی پەیڕەوی ناوخۆیە؟
نەوشێروان : ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی یەكێتی خۆی، ئەوان خۆیان ئەتوانن بڕیاری لێبدەن.
گوڵان : بۆچوونێك هەیە دەڵێت لەوەتەی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چۆتە بەغدا و بووەتە سەرۆك كۆمار، بەهۆی سەرقاڵی لە بەغدا ئەوەندە ناپەڕژێتە سەر یەكێتی وەكو جاران، چونكە سەرقاڵی كیشەی سوننە و شیعە و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ...هتدیە، بۆیە هەندێ جاران كۆنتڕۆڵەكەی لەدەست دەردەچێت. ئایا فیعلەن ئەوە كاریگەری هەبووە كە ئەو ناكۆكیانەی خەریكە وردە وردە پەرەدەسەنن لە ناو یەكێتی بەهۆی دووری مام جەلالەوە بێت؟
نەوشێروان :ڕەنگە ئەوە تەئسیرێكی گەورەی هەبێت، چونكە دوو ئەركی زۆر گەورەیە، لەلایەك تۆ سەركۆماری دەوڵەتێكی پڕ لە كێشەی وەك عێراق بیت و لە لایەكی ترەوە تۆ سكرتێری حزبێك بیت كە لە هەلو مەرجێكی وا ئاڵۆزاوی وەك كوردستانی عێڕاق دا بیت. بێگومان ڕێكخستن لە نێوان ئەو دوو ئەركە كارێكی وا ئاسان نییە.
گوڵان: كاك نەوشیروان زۆر باسی ئەوە دەكات كە گۆڕانێك بكرێت، گۆڕانێك وەك ئەوەی لە نسوسی خالسدا هاتووە. باشە عەلی وەردی كە ئەو كۆمەڵناسە بەناوبانگەیە دەڵێت هەموو ئەو گۆڕانانەی كە لە ڕۆژهەڵاتدا دەكرێن و ئەوانەی كە ئیدیعای گۆڕانكاری دەكەن، جگە لە دووبارە كردنەوەی مێژوو شتێكی نوێ نادەن بە دەستەوە. ڕات لەسەر ئەمە چیە؟ئایا فیعلەن ئەو گۆڕانكارییانەی كە دەكرێن دوایی ئەنجامەكەی هەر ئەوەیە كە لە پێشتردا هەبووە یان فیعلەن گۆڕانكاری لە ڕۆژهەڵاتیشدا دەكرێ و زۆر جددیشە و جیاوازیشە لەوانی ڕابردوو؟
نەوشێروان :بۆچی بچینە سەر ئەو نموونانەی كە عەلی وەردی هێناویەتەوە، من ئێستا حاڵی حازر لە كوردستانی عێڕاقدا لەو قۆناغەدا دەژیم. پرسیار لە خۆت دەكەم ئایا ئیمكانی چاكسازی لەم وڵاتەدا هەیە یان نییە؟ئیمكانی ئەوە هەیە كە عەدالەتێكی كۆمەڵایەتی جێبەجێ بكرێت یان نا؟ ئیمكانی ئەوە هەیە كە ئازادی ڕا دەربڕین و كاری سیاسی زۆرتر بێت یان نا؟ هەموو ئیمكانەكانی هەیە، من بۆچی خۆم ببەستمەوە بە قسەیەكی عەلی وەردی دەربارەی كۆمەڵگایەكی پێش چل ساڵ لەمەوبەر.
گوڵان:بەڵام خۆ عەلی وەردیش هەر وا ئەو قسەیەی نەكردووە، هەموو شۆرششەكانی هێناوەتە پێش چاوی خۆی ئینجا وای گوتووە، چونكە عەلی وەردی ڕەنگە جەنابت باش شارەزای بیت كە لە ناو واقیعی كۆمەڵایەتی بە تایبەتی عەرەب زۆر قاڵ بۆتەوە.
نەوشێروان : بەڵێ وایە.
گوڵان:بەر لەوەی بێینە سەر باڵی ریفۆرم كە جەنابت سەركردایەتی دەكەیت. ئایا یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك كاك بەرهەم ساڵحیش، وای گوت دەبێت بزانین ئایا حزبی ڕابردووە یان ئایندەیە بە ڕای جەنابت؟ ئێمە ئەوە دەزانین لە ڕابردوودا شەرعیەتێكی شۆڕشگێرانەی بەهێزی هەبوو، بەڵام ئایا دەبێت هەر لەسەر ئەو شەرعیەتە شۆڕشگێرانەیە بڕوات بەڕێوە، یان ئێستا تەماشا دەكەین یەكێتی حزبی ئایندەشە؟
نەوشێروان :من ناتوانم ئەو بڕیارە بدەم، وەك بڕیای مەحكەمە وایە و من ئەو بڕیاری مەحكەمەیە نادەم، بەڵام ئەتوانم نموونەت لەسەر ئەوە بۆ بهێنمەوە. ئەگەر یەكێك سەروەت و سامانێكی زۆری بۆ بەجێ بمێنێت، كۆمەڵێك منداڵ لەو خێزانەدا هەبن و هەموو ڕۆژێك لە سەروەت و سامانە كۆنەكە بخۆن بەبێ ئەوەی شتێكی تازەی بخەنە سەر، ڕۆژێك دێت تەواو ببێت. سەروەریەكانی یەكێتیش بەس نین بۆ ئەوەی كە تۆ گەنج و نەوەی تازە پێگەیشتووی كوردی پێ قانع بكەیت. من هەتا ئێوارە بۆ یەكێكی باس بكەم چەند مانگ و چەند ڕۆژ لە ئەشكەوتێكدا ژیاوم، چەند مانگ و چەند ڕۆژ چووین كەمینمان داناوە و چەند مانگ و چەند ڕۆژ لە شاخ و داخ نووستووین و وامان كردووە، ئەوە هیچ فێری گەنجی ئەوسەردەمە ناكات. ئێمە ئێستا لە شۆڕشدا نەماوین ئێستا لە دەورانی حوكمڕانیاین. لە حوكمڕانیدا خەڵك چاوەڕێ دەكات ژیانی خۆشتر بێت، پاشەڕۆژی مسۆگەر بێت، زانكۆكانی باشتر بێت، ئەدائی حكومەتەكەی باشتر بێت، ئەمن و ئاسایش بەرقەراتر بێت، بازاڕ ببووژێتەوە، كوشتوكاڵ و پیشەسازی ببووژێتەوە. ئەوان ئەوەیان لە ئێمە ئەوێت. حیكایەتی ڕابردوو بە كەڵكی ئەو زەمانە نایێت.
گوڵان: وەك خۆت باست كرد چەند جارێكیش لە یەكێتی ناڕازی بووی لە ساڵانی ڕابردوو و سەرەتای نەوەدەكانەوە تا ئێستا چەند جارێك ئاوا بوویت، بەڵام ئایا هەست ناكەیت ئەو جارە لە هەموو جارەكانی تر ناڕازیبوونەكەت بە دەنگێكی بەرزترە؟ دەتەوێ فیعلەن یەكێتی وەك ئەوەی جەنابت پێت وایە لە خەت لای داوە تۆ بیهێنیتەوە سەر خەت و وەكو جارانی لێكەیتەوە و كونجی گۆشەگیری نەگری؟چونكە ئەو جارە خەڵكێكی زۆر پشتگیریت دەكات و دەڵێن ئێمەش هەمان بۆچوونمان یان هەر بە سەراحەت دەنووسن ئێمە لەگەڵ خەتی كاك نەوشیروان داین.
نەوشێروان : ئێستا لەگەڵ جاران فەرقەكەی ئەوەیە كە جاران ئێمە لە خەتەر دابووین. پێش ڕووخانی سەدام حسێن مەترسی دەرەكی هەڕەشەی لێ دەكردین. ترسی ئەوەمان هەبوو ئیسلامی سیاسی كە لە هەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەدا بوون و لە دواییدا بوون بە نەواتی درووست بوونی ئەلقاعیدە لە هەموو عێڕاقدا. هەردەم مەترسی ئەوە هەبوو كە بێن شاری سلێمانی و كوردستان داگیر بكەن. خەتەری بەعسیمان لەسەر بوو، خەتەری دەرەوەمان لەسەر بوو، ئێستا ئەو خەتەرەمان لەسەر نەماوە. بە ڕای من ئێستا خەتەر لەناو خۆمانەوەیە. ئێمە لەماوەی ئەو شازدە ساڵەی ڕابردوودا توانیومانە وەكو پێشتر باسم كرد بناغەی دەوڵەت یكوردی دابمەزرێنین. كۆشكێكی گەورەمان درووست كردووە كە پێی دەڵێن حكومەتی كوردی. لەناو ئەم كۆشكە گەورەیە خەڵكی وای تێدایە كە شایستەی ئەو شوێنە نییە. ئیشی ئێمە ئەوە نییە ئەم تەلارە بڕووخێنین یا ئەم كۆشكە بڕووخێنین. ئیشی ئێمە بریتیە لە گۆڕینی سیستەمەكە و لە جۆری بەڕێوەبردنی ناو ماڵەكە. ئێستا قەوارە دەستووریەكەی كوردستانی عێڕاق چەسپاوە، خەتەری غەزوی خاریجیمان لەسەر نەماوە. ئەوپەڕی ئێران یا توركیا دێت سنوورەكانمان بۆردومان دەكات. دانیشتوانی هەموو سنوورەكان بەقەدەر دانیشتوانی گەڕەكێكی شاری هەولێر نابێت. لەبەرئەوە خەتەرەكە كە دێت لە جۆری بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی خۆمانەوەیە. ئەو زەمانە من نەمئەویست قسە بكەم لەبەرئەوەی لە لایەكەوە ترسمان هەبوو ئیسلامی سیاسی بێت مەنتیقەكەمان لەدەست دەربێنێت، لە لایەكەوە ئێمە سەد كیلۆمەتر لە مەقەڕی فەیلەقەوە دوور بووین لە كەركوك بە یەك شەو ئەیانتوانی بێنە كوردستانەوە شوێنەكانمان هەموو لێ تێكبدەن و بگەڕێنەوە. لە لایەكەوە خەتەری توركی هەبوو، لە لایەكی ترەوە خەتەری پارتی هەبوو لە زەمانی ناكۆكی بەینی یەكێتی و پارتیدا. تۆ مەجبووربوویت و ئەولەویەت بۆ ئەوەیە كە ئەگەر دام و دەزگایەك بە دڵیشیت نەبێت هەر ئەوەت پێ باشترە لەوەی دام و دەزگایەكی غەریب بێت سەیتەرە بكات بەسەرتەوە. ئێستا ئەوە نەماوە یەكێتی و پارتی ئیتیفاقی ستراتیژیان هەیە، خەتەری ئێرانمان بەسەر نەماوە، خەتەری توركیامان بەسەر نەماوە و خەتەری بەغداشمان بەسەر نەماوە. وەختی ئەوەیە ناو ماڵەكەی خۆمان ڕێكبخەین.
گوڵان: باشە كاك نەوشیروان ئەو ڕاستە كە دەڵێیت نامانەوێت ئەو كۆشكە بڕووخێت، بەڵام هەست ناكەیت لە ڕۆژنامەی ڕۆژنامە كە جەنابت كۆمپانیای وشە بەڕێوە دەبەیت. بۆ نموونە چاوپێكەوتن لەگەڵ جاشێك دەكرێت كە تا سەر ئێسقانی خیانەتی لێ دەباری، تا بن هەنگڵی بە خوێنی ئەو خەڵكە داماوە سوور بووە كەچی ئەوان دێن و قسە بە حكومەتی هەرێم دەڵێن و قسە بە دەسەڵات دەڵێن. ئایا ئەوە برینی خەڵك چارەسەر دەكات یان زیاتر دەیكولێنێتەوە؟
نەوشێروان: تۆ خۆت سەرنووسەری گۆڤارێكی ئەبێت باوەڕت بە ئازادی ڕادەربڕین هەبێت.
گوڵان: ئازادی لەگەڵ خەڵكی نیشتمانپەروەر.
نەوشێروان : نەخێر لەگەڵ هەموو كەسێكدا. تۆ دەبێت هەمیشە پەراوێزێك بهێڵیتەوە بۆ ڕای بەرامبەر، بۆ ڕای ناحەز، بۆ ڕای دوژمن. تۆ وەختێك كە ڕای كابرایەك بڵاودەكەیتەوە مانای ئەوە نییە تۆ پشتیوانی لێ ئەكەیت.
گوڵان:بەڵام خۆ دەزانین پێش وەخت قسەی خێر لە زمانی ئەو كابرایە نایەتە دەر كە تا سەر ئێسقانی خیانەتە.
نەوشێروان: بەڵێ ڕاست دەكەیت، بەڵام ئەوە بەشێك بووە لە كۆمەڵگای كوردی. كۆمەڵگای كوردی جاشیشی تێدا بووە، لەشفرۆشی تێدا بووە، سیخوڕی تێدا بووە، بەڵام بەگشتی هەمووی كۆمەڵگای كوردیە تۆ مەسئولیەتێكت هەیە بەرامبەری، نا‌توانیت و زەمانی ئەوە نەماوە خەڵك تەسفیە بكەیت و توێژێكی كۆمەڵگا پاكتاو (تەسفیە)ە بكەیت. ئێمە دوای ڕاپەڕین كارێكی زۆر باشمان كرد كە جۆرێك لە ئاشتبوونەوەی نیشتمانیمان لەگەڵ هەموو ئەوانەی كە لەگەڵ حكومەت هاوكاربوون كرد. بوو بە سەبەبی ئەوەی كە ئارامی و ئاسایش تا رادەیەك لە كوردستاندا هەبێت.
گوڵان:زۆر جار باسی ئەوە دەكرێت كاك نەوشیروان خۆی پێشنیاری ئەوەی كرد كە ئامادەسازی بكرێت بۆ كۆنگرە و هەڵبژاردن لە كۆمیتە و مەڵبەندەكان و هەر جەنابیشت سەرپەرشتیاری ئەو هەڵبژاردنانە بووی. هیچ كێشەیەك نەبوو تەنانەت دوو سێ ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەكان كە هەندێك پێكدادان و تووڕەیی دروست بوو لە كوردستانی نوێ، لە شوێنێكیش دیمانەیەكت لەگەڵ كرابوو گوتبووت ئەوە شتێكی ئەوتۆ نییە كە شایەنی باس بێت، كەچی دەڵێن دوایی ئێوە دەنگتان كەم هێنا بۆیە هەڵوێستت وەرگرت. ئایا دەكرێت ئەمە زیاتر ڕوون بكەیتەوە؟
نەوشێروان :ڕاستە وایە ئێمە دەنگمان نەهێنا بۆیە هەڵوێستمان وەرگرت و هاتمە دەرەوە. هیچ عەیبی تێدا نییە.
گوڵان: واتا بڕوات بەوە نەبوو كە تۆ كەمینەی خۆت بكەیت بە زۆرینە؟
نەوشێروان: خۆم چۆن بكەم بە زۆرینە. وەختێك تۆ ئەكەویتە ناكۆكیەوە لەگەڵ باڵێك..
گوڵان: لە پرۆسەی دیموكراسیدا خۆی هەر وایە
نەوشێروان:نەخێر لە پرۆسەی دیموكراسیدا ئاسایش بێ لایەنە، هێزی چەكدار بێ لایەنە، دەزگای ڕاگەیاندن بێ لایەنە و پارەوپوول بێ لایەنە. لەم هەڵبژاردنەی ئێمە ئەوانە بێ لایەن نەبوون.
گوڵان: یەكێتی هەمیشە و هەر لەگەڵ درووست بوونیەوە باڵی جیاوازی هەبووە. وەك باسمان كرد كۆمەڵەی ڕنجدەران و شۆرشگێران و هێڵی پان . بەڵام هەست ناكەیت ئەو یەك دوو ساڵەی ئێستا جیاوازیەكان وردە وردە بەرتەسكدەبنەوە، بە مانایەكی تر ئەو فەزایە كەم بۆتەوە كە بتوانی لەناو یەكێتیدا جیاوازی نیشان بدرێت؟بە تایبەتی ئەو تەنگپێهەڵچنینەی باڵی ریفۆرم كە ئێستا هەر ڕۆژەی چاوەڕوانی بڕیارێك دەكەن كە چیان بەسەر دێت. مەبەستم ئەوەیە پێكەوەژیانی جیاوازی ئاوا ناكرێت، جیاوازی ئەوەیە كابرا دەنگی خۆی بە ئازادانە هەڵبڕێ. ئێستا هەست دەكەیت ئەو جیاوازیە بەرفراوان نییە؟.
نەوشێروان: وایە ئێستا سوڵتە و دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە.
گوڵان: بەشێك لەو باڵەی ریفۆرم ئێستا پێیان وایە دەبێت سكرتێر و بەشێكی سەركردایەتی یەكێتی دەست لەكار بكێشێتەوە. ئایا هەست ناكەیت ئەوە بڕیارێكی زۆر قوڕسە؟
نەوشێروان : مەسەلەی دەست لەكاركێشانەوە، ئەوە ڕەنگە بەس لە كۆمەڵگای رۆژهەڵاتیدا ئەو داوایە بە كفر حیساب بێت، ئەگینا لە هەموو جێگایەك دەبێت بڵێیی بڕۆوە و دەست لەكار هەڵگرە.
گوڵان:ئاخر ئێمەش لە كۆمەڵگایەكی رۆژهەڵاتی كە ئەو قسەیە بكەین هەست ناكەیت قورسە؟
نەوشێروان :بەڵێ قورسە وایە. خۆ باڵی ریفۆرم ئەو داوایەیان نەكردووە ڕەگ ئەو داوایەی كردووە. بەڵام خۆ كفریان نەكردووە. یەكێكیان نموونەیەكی باشی هێناوە كە وتی ئەگەر راهێنەر (مدرب )ی تیپێكی فوتبۆڵ سێ جار تیپەكەی دۆڕاندی ئەبێت خۆی بڕوات و وازبێنێت. خۆت شارەزای یەكێك لە ناكۆكیە سەرەكیەكانی نێوان لینین و هەموو حزبە سۆشیال دیموكراتەكانی دونیای وەختی خۆی لەسەر ئەوەبووە كە لینین باوەڕی بەوە بووە شۆڕشی پڕۆلیتاری بكات، دكتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا دروست بكات، لەڕێگەی توندوتیژییەوە دەست بەسەر دەسەڵات‌دا بگرێت. لینین پێی وابووە ململانێی چینایەتی بزوێنەری مێژووە. سۆشیال دیموكراتەكان لایەنگری ئەوەبوون كە ئەبێت فیلمی چینایەتی بڵاوبكرێتەوە، جیاوازی چینایەتی لە نێوان هەژار و دەوڵەمەندا كەم بكرێتەوە و لەڕێگەی ئاشتییەوە كارەكانیان بكەن. ئێستا یەكێك لەو شتانەی كە پێموایە ئەو برادەرانەی لەناو یەكێتی و لەناو كورددا شت دەنووسن لەسەر سۆشیال دیموكرات، باوەڕم وایە لە جەوهەری سۆشیال دیموكرات تێنەگەیشتوون. چونكە بەو كارەی ئێستا كە ئەوان دەیكەن جیاوازە و دەلاقەكەی چینایەتی گەورەتر دەكەن لەجیاتی ئەوەی چینەكان لەیەكتری نزیك ببنەوە.جەوهەری فكری سۆشیال دیموكرات ئەوەیە كە تۆ هەوڵبدەیت لەرێگەی دیموكراتی و لەڕێگەی هێمنی و پەرلەمان و ئەمانە جیاوازی نێوان چینەكان كەم بكەیتەوە. چینە هەژارەكە ئاستی ژیانیان بەرزبێتەوە و چینە دەوڵەمەندەكەش لەڕێگەی باج و ئەو شتانەوە سامانەكانیان بێتە خوارەوە و بیكەن بە موڵكی دەوڵەت. ئێمە لەو قۆناغەداین. بەڵام بەداخەوە ئەوانەی كە باسی سۆشیال دیموكرات دەكەن وەك شتێك تێیدەگەن، تەنانەت فەهد لە زەمانی خۆیدا كە حزبی شیوعی دروستكردووە وتویەتی باوەڕی بە سۆشیال دیموكرات نییە.
گوڵان:فەهد ستالینی بوو. هەر لە سەردەمی ستالینیشدا دروست بوو..
نەوشێروان :بەڵێ ستالینی بوو. ئەوەی ئێمەش ئێستا تەقریبەن هەر ستالینیەتە.
گوڵان:ڕاستە كە دەڵێن باڵی ریفۆرم لەبەرئەوەی لە ئیمتیازەكان دوور خرابوونەوە بۆیە ئەو دەنگەیان هەڵبڕی و باڵێكیان دروست كرد بە ناوی ریفۆرم بۆ ئەوەی ئەو ئیمتیازاتانە بێتەوە دەست خۆیان؟ئەگینا هیچ مەسەلەیەكی فكری بەو مانای سیاسی نییە كە یەكێتی بەرەو لێكهەڵوەشانەوە یان دابڕین لە میللەت ببات؟ بەڵام ئیمتیازەكانیان لەبەردەست نییە بۆیە وا دەكەن؟
نەوشێروان :هەموو شتێكیان لەبەر دەست بووە تا ئێستاش لەبەر دەستیاندایە.
گوڵان:ئەی ئێستا ئەو چوار ئەندامی مەكتەب سیاسیە باسی ئەوە دەكەن كە ئەو پارە و پوولە سەرف دەكرێت كەس نازانێت چۆن سەرف دەكرێت؟.
نەوشێروان : ئەمە مافی سروشتی هەر ئەندام مەكتەبێكی سیاسیە، پەیوەندی بەوە نییە، پەیوەندی بەوەوە هەیە دەبێت بزانیت ئەو حزبەی لەناویدا كاری تێدا دەكەی سەرمایەكەی لە كوێ‌یە بە دەستی كێیە و چی لێ دەكرێت و چەندیشە؟.
گوڵان:واتا ئەو پارەو پوولە بەدەست باڵی ریفۆرمەوە نییە؟
نەوشێروان :بەدەست كەسەوە نییە، كەس نازانێت بەدەست كێیەوەیە. ئەگینا ئەوانە هیچ كەسێكیان ئیمتیازاتیان لێ نەسەنراوەتەوە. هەندێكیان وەزیرن و هەندێكیان پلەی زۆر بەرزیان هەیە.
گوڵان:ئەوەی وەزیریش بوو ئەو ڕۆژە وتیان تا ئێستا وەزیرە و لاشمان نەداوە، واتا ئەگەر بیرۆكەی لادانی گەڵاڵە كرابێت؟
نەوشێروان :دوور نییە، بەڵام من مەبەستم وەڵامی پرسیارەكەی تۆیە، واتا هیچ كەسێك لەو كەسانەی كە ئەو بیرۆكانەیان هێناوەتە پێش لە ئەنجامی ئەوەوە نەبووە كە ئیمتیازاتیان لێ سەنراوەتەوە، نەخێر وا نییە.
گوڵان:ئەو هەڵوێستانەی كاك نەوشیروان لە لایەك و هەڵوێستی هەندێك لە سەركردایەتی یەكێتی لە لایەكی تر كە خەریكە پێكهەڵدەشاخێن، ئەمە وا دەكات بواری ئەوە زۆر كەم بێتەوە كە كاك نەوشیروان بەردەوام بێت لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا؟ئەگەر وای لێبێت تۆ ئەڵتەرناتیڤت هەیە؟چونكە بە تەئكید تۆ نا‌توانیت وەك هاووڵاتیەكی ئاسایی بژیت، قسەی تۆ جۆرێكە هەموو كوردستان دەبێ موتابەعەی بكات و بزانێت بەرەو كام ئاقار هەنگاو هەڵدەگری،لەبەرئەوە ئەگەر وای لێهات تۆ لەناو یەكێتی نیشتمانی نەتوانیت بەردەوام بیت و درێژە بەو هەڵوێستانەی خۆت بدەیت؟ ئەڵتەرناتیڤت چییە؟
نەوشێروان :هەروەكو ئێستا چی ئەكەم هەر وەها ئەكەم.
گوڵان:بەڵام ئێستا لەناو یەكێتیت.
نەوشێروان : ئێستا لەناو یەكێتی نیم. لە درەوەی یەكێتی قسە ئەكەم، من نە لە مەكتەبی سیاسیم نە لە سەركردایەتیم نە لە مەڵبەندم. دوایی ئەوەی كە تۆ باست كرد، ڕەنگە تۆ پرسیارەكەت زۆر بە دیبلۆماسیانە كرد. من خۆم نە حزبم هەیە، نە دەزگای دیكەم هەیە و نە ڕێكخراوی سیاسیم هەیە. واتا ئەگەر شەڕیش ببێ من لایەنگری شەڕ نیم، ئێمە تازە خەریكین بیر هەڵدەكەنین و خانوو دروست دەكەین، ئێمە بە تەمای پرۆسەیەكی زۆر هێمن و دیموكراتین.
گوڵان:هەندێك لەوانەی كە ئێستا لە سەركردایەتی یەكێتین دەڵێن كاك نەوشیروان هەڕەشەیە بۆ سەر یەكێتی؟واتە تۆ دەتەوێ یەكێتی لەبەریەك هەڵوەشێنیتەوە و فەوزایەك لە ناو یەكێتی دروست بێ و ئەو ئارامی و هێمنییەی لە ناو یەكێتی هەیە نەمینێت.ئەمە تا چەند راستە یان بە پێچەوانەوە تۆ هێزی مانەوەی یەكێتی. كامەیانی؟
نەوشێروان :ئەوە ئەتوانیت لە خۆیان بپرسیت.
گوڵان:كاك نەوشیروان دوای چل ساڵ خەبات كە لەگەڵ ئەودۆخە تاڵ و شیرینەی یەكێتی دەڕۆیت و قوربانیت داوە و ماندوو بوویت و هەموو ڕێگایەكی سەختت گرتۆتە بەر بۆ سەركەوتنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. ئێستا ڕێگا دەدەیت یەكێتی نیشتمانی تووشی كەرت بوون بێت؟
نەوشێروان :من لەوەتی خۆم هاتوومەتە دەرەوە بە یەك كەسم نەوتووە وازبێنێت، هەرچیش پرسی بە من كردبێت وتوومە ئەوە ئارەزووی خۆتە.
گوڵان:بەڵام تۆ كاریگەری زۆرت هەیە چونكە تۆ سی چل ساڵ خەباتت لەم حزبە هەیە...
نەوشێروان :تۆ بیستووتە كەسێك لەناو یەكێتی بووبێت و من پێم وتبێت لەناو یەكێتی وەرە دەرەوە و ئیستیقالە بكە؟
گوڵان:نەمبیستووە بەڵام كە تۆ دابڕای خەڵكێك بە تۆ موتەئەسیرە، خەڵكێكی زۆریش.
نەوشێروان :ئینجا ئەوە دەكەوێتە سەر خۆیان، من كەسم هان نەداوە واز لە یەكێتی بێنێت. بە پێچەوانەوە هەر كەسێك لە منی پرسیبێ وتوومە لە شوێنی خۆتدا بمێنەرەوە و ئیشی باش بكە. ئێمە بەدیلێكی ترمان نییە تا ئێستا پێی بڵێم لەوە واز بێنە و وەرە خەریكی ئەمە بە.
گوڵان:كاك نەشیروان وابزانم لەو دواییە مام جەلال بڕیارێكی دا كە تەوافوقێك دروست بێت لەنێوان ئەوانەی كە لە كۆنفرانسدا بۆهەڵبژاردنەكان دەرنەچوون، ئەوانیش بێن بۆ كۆنگرە. ئایا ئەو كێشەیە بەوە چارەسەر دەبێت؟ئەگەر ئەوانەی كە دەریشنەچوون بە دەنگدان كە حەقی خۆیان بوو دەنگ بهێنن بەهەر هۆكارێك بووبێت دەنگیان نەهێنا، ئەگەر ئەوانە بێنە كۆنگرە دڵی كاك نەوشیروان چاك دەكاتەوە؟
نەوشێروان :ئێمە موشكیلەكەمان ئەشخاس نییە، واتا ئەوە نییە چەند كەسێك لاببرێت و چەند كەسێك بچێتە شوێنی. ئێمە موشكیلەكەمان ئەوەیە گۆڕین چۆن لە شێوەی بەڕێوەبردنی ئیشەكاندا ئەكرێت، گۆڕین چۆن لە پەیڕەوی ناوخۆدا ئەكرێت، گۆڕین چۆن لە بەرنامەی حزبەكەدا ئەكرێت ئەگینا ئەگەر هەموو سەركردایەتی بگۆڕدرێت ئەگەر بە هەمان ئەو سیستەمەی ئێستا ئیش بكەن هەمان بابەت و گرفتە. سیستەمی ئیشی یەكێتی سیستەمێكی سەرۆكایەتییە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لەبەردەمی شەخسی سكرتێری گشتیدا بەرپرسن، واتا لەبەردەمی یەكتریدا بەرپرس نین، مەبەستم ئەوەیە دانانیشن لە كۆبوونەوەكاندا پرس و ڕا بە یەكتری بكەن. مەسەلەی تەوافوقیش تۆ بێیت پێنچ كەس لەبەر خاتری من و پێنچ كەس لەبەر خاتری سەركردایەتی و لەبەر خاتری مەكتەبی سیاسی بهێنی بۆ كۆنگرە، پێم وایە ئەوە چارەسەری گرفت و كێشەكان ناكات. چونكە موشكیلەكانی یەكێتی لەوە قووڵترن.
گوڵان:ئەوە تەوافوقێكە وەك ئەوەی لە بەغدا دەكرێت. ئەوەش ڕەنگە چارەسەرێكی كاتی بێت بۆ ئەوەی هەردوو لا بتوانن بە یەكەوە هەڵبكەن.
نەوشێروان :وەك ئێستا عەرزم كردی گرفتی ئەشخاس نییە، گرفت ئەوەیە دەلاقەیەكی گەورە لە نێوان یەكێتی و خەڵكدا درووست بووە. دەلاقە دروستبووە لەنێوان قاعیدەی یەكێتی و سەركردایەتیەكەی.
گوڵان:ئەگەر تۆ ببیتە جێگری سكرتێری گشتی كە پێشتریش جێگر بووی، ئەو هەموو كادیر و تەنانەت هەندێك لە ئەوانەیش كە لە مەكتەبی سیاسین و پەیڕەوی تۆ دەكەن، ئایا بەم هێزەوە نا‌توانیت ئەو دەلاقەیە بچووك بكەیتەوە و ئەو فەزا گەورەیەی لە نێوان خەڵك و یەكێتی نیشتمانی هەیە بە لای كەمی سەدا پەنجای كەم بكەیەوە؟
نەوشێروان :بۆم نەكرا بۆیە هاتمە دەرەوە , نەمتوانی.
گوڵان:باشە ئەی ئەگەر بڕیاریان دا بۆ نموونە بۆ ئەوەی لەبەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان تووشی وەزعێكی خراپ نەبێت سەرلەنوێ كۆنفرانسەكان دەست پێبكەنەوە، واتە ئەوەی كە كرا قبوڵ نەبێت دووبارە وەك پێشتر سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكانیش هەر خۆت بیكەیت. ئایا ئامادەی ئەوە بكەیت؟
نەوشێروان :ئەوە گریمانەیەكە لە وەختی خۆیدا باسی دەكەین.
گوڵان:كاك نەوشیروان تۆ جگە لەوەی وەك سیاسیش وەك نووسەرێك و وەك ڕۆشنبیرێكیش تا ڕادەیەك جێ دەستت لە بواری رۆشنبیری و نووسینیشدا بەرچاوە. خەڵك چاوەڕوانی دەكرد كە كۆمپانیای وشە دادەمەزرێت بەڕاستی چاوەڕوانی شتی گەورەی دەكرد، بەڵام ئێستا هەست دەكەیت كۆمپانیای وشەش ئەوە نەبوو كە كاك نەوشیروان بەڕێوەی دەبات .چونكە تەسەور دەكرا كاك نەوشیروان دوای ئەو شارەزاییەی لە بواری سیاسەت و نووسین دا هەیەتی رەنگە شتێك بكات كە زۆر جیاواز بێت لەو دۆخەی كە رۆژنامەگەری كوردی هەیەتی، ناڵێم هیچ جیاوازی نییە، تا رادەیەك هەیە بەو ئاراستەیەی كە ئێوە خۆتان دەتانەوێ.بەڵام ئەوەش نییە كە خەڵك پێی وابوو كۆمپانیای وشە شتێكی نەوعی دەبێت، بەتایبەت ئەگەر دروستكردنی هەواڵی لێ دەركەی، كە من ئەمەیانم پێ باشە، ئەوانی تری تۆزێك لە رۆژنامە ئەهلییەكانی تر باشترە، پرسیار ئەوەیە ئێستا خۆت لەبەڕێوەبردنی ئەو كۆمپانیایە بەو وەزعەی ئێستای ڕازیت؟
نەوشێروان : بەو توانا كەمەوە كە هەمانە بەڵێ ڕازیم.
گوڵان: بەڵام، رەنگە ئەوە پاساو نەبێت.
نەوشێروان :نا ئەوە پاساو نییە، ئێمە داماننابوو ناوەند (مركز )ێك دروست بكەین بۆ لێكۆڵینەوەی ئابووری، سیاسی، عەسكەری و بواری جیاجیا بە شارەزاییەوە. كە وەختێك حیسابمان كرد بۆ سێ مانگ پارەو پوولێكی زۆری تێدەچێت. داماننابوو بۆ نموونە بڵێین تەلەڤزیۆنەكەمان زووتر بخەینە ئیش، خۆت دەزانیت بودجەی تەلەڤزیۆن چەندی ئەوێت، ڕۆژنامەی ڕۆژانە بودجەی چەندی ئەوێت، كە وەختێك تۆ ڕاپرسیەك ئەكەیت خۆت ئەزانیت بودجەی چەندی ئەوێت. ئێمە تا ئێستا بێجگە لەو پارەیەی كە ئەوەڵجار لە مام جەلال مان وەرگرتووە هیچ پارەیەكمان لە هیچ لایەن و جیهەتێكەوە وەرنەگرتووە، بەو ئیمكانیەتەی كە ئێستا ئێمە هەمانە ئەوەندەمان پێ ئەكرێت. ئومێدم وایە لە پاشەڕۆژدا بتوانین زیاتر بكەین. دوای ئەوەش ، خەڵك هەمیشە چاوەڕوانیەكانی زۆرە، واتا چاوەڕوانییەكانی زۆرترە لەوەی كە تۆ بتوانیت پێشكەشی بكەیت. خەڵك پێی وابووە كە ئەگەر حكومەتی كوردی هەبێت خەڵك هەمووی لە بەهەشتدا ئەژیت.
گوڵان:كاك نەوشیروان ئەگەر تووشی قەیرانێكی دارایی هاتی، ئەوەش واریدە، لەگەڵ یەكێتیش وەزعت بەو شێوەیە بێت كە ئەوان هاوكاریت نەكەن. هەست ناكەی تووشی قەیرانێك دەبیت و ڕەنگە بە زەحمەت بتوانیت لێی دەرچیت؟
نەوشێروان : لەوانەیە
گوڵان: واتا بەرچاوڕوونیەكت بۆ كۆمپانیای وشە لەبەر چاو نییە؟
نەوشێروان :بەڵێ لەبەر چاومە، ڕەنگە ماوەیەكی تر پڕۆژەیەك بە پەرلەمان بدەین بۆ جۆری یارمەتیدانی میدیای ئەهلی میدیای كەرتی تایبەتی.
گوڵان:ئەگەر پەرلەمان پەسندی نەكرد، چونكە ڕەنگە ئەوەش زەحمەت بێت؟لەبەرئەوەی رەنگە تا رادەیەك فەوزایەك لە نێو بواری راگەیاندن بەتایبەت ئەوەی پێی دەڵێن میدیای ئەهلی هەبێت و، ڕەنگە حكومەت و پەرلەمانیش تا ڕادەیەك دڵیان پێی خۆش نەبێت.
نەوشێروان :وایە، بەڵام ئەوە ئەركی حكومەتە، وەك چۆن لە سلێمانی ئەو هەموو دەزگای ڕاگەیاندنە هەیە بە پارەی گشتی ئیش دەكەن، لە هەولێریش ئەو هەموو دەزگای ڕاگەیاندنە هەیە بە پارەی گشتی ئیش دەكەن، مافێكی سروشتی دەزگا ئەهلیەكانیشە كە شەریك بن. یان هی ئەوان ببڕن، یا ئەوانیش بژیێنن.
گوڵان:بەڵام ئەگەر نەیانكرد تۆ چی دەكەیت؟هەر زۆر زۆر ناچار دەبیت جار جار شتێك بنووسیت، لەوە زیاتر چیت پێدەكرێت؟
نەوشێروان:با لە ئێستاوە بڕیار نەدەین، با چاوەڕێ بكەین باشترە.
گوڵان :كاك نەوشیروان زۆر خۆی لە دیمانە دەپارێزێت، ئایا بەڕاستی گوشاری لەسەرە یان ترسی ئەوەی هەیە بە شێوەیەك لە شێوەكان خەڵكێك تووڕە بكات یان خۆی بە مەرجەعیەتێك دەزانێ بۆ نموونە وەك سیستانی، موقتەدا،...هتد حەقیقەتی خۆیان نیشان نادەن و بڕیاریش هەموو لە ژوورەكەی ئەوەوە دەڕوات؟
نەوشێروان :نەخێر، ڕەنگە هۆی سەرەكی ئەوەی كە خۆم لە دیمانە دەپارێزم بەڕاستی وەك خۆت دەزانی ڕۆژنامەنووس عادەتەن فزوڵین ڕاتدەكێشن بۆ قسە كردن، حەز ناكەم ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو قسانەی كە ئەیكەم، خۆت ئەزانی من بە سەراحەت و راشكاوی قسە ئەكەم و خۆم لا نادەم، واتا نامەوێ قسەكانم لە توێكڵێكدا بپێچمەوە. جاری وا هەبووە كە من قسەیەكم كردووە حزبێك، سەركردەیەك،گرووپێك یا لایەنێك بە شێوەیەكی تر سەیریان كردووە و بە خراپ لێكیان داوەتەوە. هۆكارەكە ئەوەیە ئەگینا نە خۆم بە مەرجەع ئەزانم و نە ئەو شتانە. هەرچیشی وتوومە من بە وتار نووسیومە.
گوڵان:خۆ خەڵكی تریش هەیە ڕۆژانە دیمانە دەكات و بە خراپیش لێك دەدرێتەوە و گوێشی پێنادات.
نەوشێروان:من گوێی پێ ئەدەم، لە لامەوە گرنگە كە بە خۆڕایی هیچ لایەك زویر نەكەم.
گوڵان: كاك نەوشیروان دوای ئەوەی ئەو وەزعە گەرم بوو عومەر شێخ مووس گوتی من بۆ ئەوە هاتوومەتەوە بۆ ئەوەی وەزعەكە هێور بكەمەوە. كاك كۆسرەتیش ڕەنگە ڕۆڵێك ببینێت. ئایا پێت وایە بە ناوبژیوان ئەو مەسەلەیە چارەسەر دەكرێت؟واتا كێشەی ئێوە كێشەی ئەوەیە خەڵك ببێتە ناوبژیوان و ئێوە تۆزێك سارد بكەنەوە و ئەولاش سارد بكەنەوە بۆ ماوەیەكی كاتی؟یان كێشەی ئێوە كێشەیەكی سیاسیە و دەبێت گۆڕانكاری سیاسی لە ئیدارە و لە سیستەمەكە بكرێت؟
نەوشێروان:وایە،گۆڕانی سیاسیش بەشێكە لە گفتوگۆ، واتا گۆڕانی سیاسی بە گفتوگۆ ئەكرێت. ناوبژیوانی و قسەكانی ئەوانیش بەشێكە لەو گفتوگۆیانە و شتێكی باشە كە بكرێت. باشترین ڕێگاش ڕێگای گفتوگۆیە و من خۆم بڕوام بە دانوستان هەیە.
گوڵان:واتا گەشبینی بەوەی كە ئەگەر ئەوان هاتنە ناو ئەو كێشەوە وەزعەكە تۆزێك باشتر بكەن؟
نەوشێروان :پێم وانییە بگەنە ئەنجامێكی گەورە، بەڵام هەر لە هیچ باشترە. هەمیشە كردن باشترە لە نەكردن.
گوڵان:ڕاستە باڵی ریفۆرم دەنگێكی جیاوازە لەناو یەكێتی چ بۆ حكومەت چ لەناو حزبەكانی تریش. بەڵام هەست ناكەیت ئێوە تا ئێستا پڕۆژەیەكی جددیتان نییە بۆ بەڕێوەبردنی حوكم،بۆ سیاسەتی حوكم، بۆ رۆشنبیری حوكم،..هتد، ڕاستە لە وتارەكانت شتێك دەڵێیت، بەڵام وتارەكانت لەسەر بابەتێكە، بۆ نموونە ئەوەی ڕابردوو لەسەر ئەوە بوو كە مامەڵەمان لەگەڵ توركمانەكانی كەركوك چۆن بێت. ئەوانە پڕۆژە نین بەو مانایەی پڕۆژە بن بۆ هەموو كاروبارەكانی جكومەت. هەست ناكەیت كەموكورتیتان هەیە بەوەی تەرحەكانتان هێشتا بە پێی پێویست پێنەگەیشتووە؟
نەوشێروان :من قسەكەر نیم بە ناوی ریفۆرمەوە. ریفۆرمیش بە مانای باڵ وەك زەمانی كۆن نییە سەركردایەتیەكی هەبێت و دا‌نیشێت و كۆبوونەوە بكات و بەرنامە دابنێت، ریفۆرم تا ئێستا ئیتیجاهێكی سیاسیە،تەوەجوهە، تا ئێستا تەیارێكە. یەعنی ئەوە نییە تۆ بڵێیت كۆمەڵێك خەڵكن پێكەوە گروپێكیان درووست كردووە و ئەو گروپە لەڕووی فكریەوە لەسەر هەموو شتێك مولتەزیمن و دانیشتوون بەرنامەیەك دائەنێن وەك بەدیل. لەبەرئەوە من قسەكەر نیم بەناوی ئەوانەوە ئەو شتانەی كە بڵاوی دەكەمەوە زیاتر هی خۆمن.
گوڵان:بە رای تۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەو وەزعەوە بۆ كوێ دەڕوات؟واتا بەرەو بەهێزبوون یان لێكهەڵوەشانەوە كە هەندێ جار لەناو سەركردایەتی یەكێتیش قسەی وا دەكرێت كە ئەگەر یەكێتی بەم وەزعە هەر بەردەوام بێت ڕەنگە دەیانەوێت واتە ئێوە دەتانەوێت یەكێتی بچووك بێتەوە و ببێتە حزبێكی ژمارە پێنچ یان ژمارە چوار.
نەوشێروان:من خۆم باوەڕم بەوە نییە كە یەكێتی هەڵدەوەشێتەوە یان لەناو دەچێت. ڕەنگە لاواز ببێتەوە بەڵام نە هەڵدەوەشێتەوە نە لەناودەچێت.
گوڵان:دوای ئەو هەموو مشت و مڕەی كە كرا و دوای ئەو هەمووە ڕەخنە و ڕەخنەكاریەی كە كاك نەوشیروان بەسەریدا هات و ئیتر چەند جارێك مام جەلالی بینیوە لە سەردانەكانی ئێرە (سلێمانی )، ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ مام جەلال چۆنە؟بەڕاستی درزێكی زۆر بچو‌وكیش بێت لێی نەكەوتووە دوای ئەوەی كە تۆ ڕای جیاوازت زەق كردۆتەوە؟ یان هەر ئەو مام جەلال و كاك نەوشیروانەن كە جاران پێكەوە لە شاخ بوون و یەك دڵ و یەك گیان بوون؟
نەوشێروان:لەسەر ئاستی شەخسی پەیوەندیم لەگەڵ هەموویان باشە، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی ئێمە ناكۆكین.
گوڵان:ئەو ئاستە سیاسیە كە بۆچوونەكانی خۆتی تێدا دەخەیتە روو بۆچوونی مام جەلال لێت نزیك نابێتەوە؟
نەوشێروان: خۆم وا هەستم نەكردووە.
گوڵان:بەپێی ئەو دیمانەیەی ئێستا لەگەڵ جەنابتم كرد هەست ناكەم تۆ وەكو ئەردۆگان كە لە حزبی رەفاه هاتە دەرەوە و حزبی داد وگەشەپێدانی دروست كرد و لە هەڵبژاردنەكانیشا سەركەوت،یان وەكو شارۆن كە لە حزبی لیكۆد هاتە دەرەوەو حزبی كادیمای دروست كرد و ئەویش لە هەڵبژاردنەكانا سەركەوت،نموونەی تریش زۆرن، پرسیار ئەوەیە من لەم دیمانەیەدا هەستم نەكرد تۆ چاوەڕوانی ئەوە بكەیت بەیانی چ یەكێتی بگرێتە دەست خۆت بە شێوەیەكی بەرفراوانتر لە ئێستا، یان حزبێكی نوێ دروست بكەیت كە بنكەیەكی جەماوەری لە ئێستای یەكێتی زیاتری هەبێت. وا هەست دەكەم تەنها هەندێك بۆچوون هەیە دەیخەیتە ڕوو كەلە بۆچوونەكانی یەكێتی جیاوازە و ئیتر لەوە زیاتر شتێكی تر نییە.وایە؟؟
نەوشێروان :وایە،ئەو زەمینە دیموكراسیەی كە لە توركیا هەیە بۆ دروستكردنی حزب، كوا لە كوردستان هەیە ...
گوڵان:ئەو زەمینە سیاسیە هەبوایە ئێستا هەنگاوی ترت دەنا؟
نەوشێروان :ئەوە ڕەنگەیە، لەبەرئەوە ئینسان ناتونێت لەسەر ڕەنگە شت ئیمزا بكات.
گوڵان:دوا پرسیار، جیاوازیەكانی كاك نەوشیروان ئایا بەشێكە لە سیاسەتی گشتی یەكێتی یان ئێستا كاك نەوشیروان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دابڕاوە؟جاران زۆر سرووشتی بوو كە ڕای جیاوازیشت هەبوو هەر سەركردەی یەكێتی نیشتمانیش بووی. ئایا ئێستا لە یەكێتی دابڕاوی چونكە ئەو ڕەئی جیاوازیە قوبوڵ ناكرێت، یان هەر لەناو یەكێتی؟
نەوشێروان :مەبەستت لەناو یەكێتی چییە؟من ڕۆژانە بە دەیان كادیری یەكێتی دەبینم، سەركردەی یەكێتی ئەبینم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەبینم، خەڵك ئەبینم. بۆ دابڕان من بە هیچ جۆرێك دانەبڕاوم، بەڵام ئێستا من بەشێك نیم لە سیاسەتی یەكێتی.
گوڵان:باشە تۆ ئەو گلەییانە دەكەی لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، پێت وایە ئەگەر تۆ سەرۆكی وەفدی كوردی و نوێنەری كورد بوایت لەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ بەغدا دەكرێن گۆڕانكاریەك دروست دەبوو؟واتا وەزعی كورد باشتر دەبوو یان ئەگەر جەنابیشت بوایت هەر ئەوە دەبوو كە ئێستا هەیە؟
نەوشێروان:ئەو زەمانەی كە هێشتا ئەنجوومەنی حوكم مابوو وتارێكم نووسی باسی ئەوەم كرد زەمانی گوڵبارانكردنی ئەمریكیەكان تێپەڕیوە و دۆستی هەمیشەیی و دوژمنی هەیشەیی نییە، هاوپەیمانێتی لە حاڵەتی گۆڕاندایە و پێویستە ئێمە دانیشین و گفتوگۆیەكی جددی لەگەڵ ئەمریكیەكان بكەین لەسەر پرسە نەتەوەییەكانی خۆمان. ئەوە لە زەمانێكدا بووە كە هێشتا لە ئەنجوومەنی حوكم بووین، ئەوە پێش ئەو زەمانە وابوو كە هێشتا ئەنجوومەنی حوكم مابوو سەبارەت بە رۆڵی من، بڕیار وابوو بەڵام كە بە قسەیان نەكردم خۆ ناچم شەڕ بكەم.
گوڵان:جارێك نووسیبووت كەركوكمان نەدۆڕاندووە.
نەوشێروان :ئێستاش باوەڕم وایە نەماندۆڕاندووە.
گوڵان: بەڵام كەركوكیش نایەتەوە سەر هەرێمی كوردستان.
نەوشێروان : بۆ نایەتەوە؟
گوڵان:لەبەرئەوەی نە كورد ئەو توانایەی هەیە و ئێمەش لە ناو چەند وڵاتێكداین كە خنكێنراوین هەر ئەوەندەیە هەناسە دەدەین. ئەو وڵاتانەش تەحەكوم بەسەر هەموو حوكمڕانیەكانی عێراق دەكەن.
نەوشێروان :من بۆچوونم وا نییە، ئەگەر كورد بیەوێت نەخشەیەكی هەمەلایەنەی هەبێت، پشوو درێژبێت من باوەڕم وایە دەتوانین كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی تر بهێنینەوە سەر هەرێمی كوردستان. مەرجیش نییە ئەم ساڵ. |
|
|
|
|
|
|
|
|